كۆرۆنا لە توركیا زیاتر تەشەنە دەكات

جیهان

13/04/2021     ژمارەی بینراو 185

راچڵەكین -

ماوەی دوو هەفتەیە ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی ترسناك لەناوخۆی توركیا تەشەنەی كردووە و لە 24 كاتژمێری رابردووشدا زیاتر لە 59 هەزار حاڵەتی نوێی تێدا تۆكاركراوە، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەش قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی راگەیاند.

وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 59 هەزارو 187 كەسی دیكە تووشی كۆڕۆنا بوون و 273 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، كە بەرزترین ژمارەی تووشبوون و مردنە لەوەتەی پەتاكە لە توركیا بڵاوبووەتەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەئێستادا كۆی گشتیی تووشبووانی كۆڕۆنا لەو وڵاتە بۆ سێ ملیۆن و 962 هەزار و 760 حاڵەت بەرزبووەتەوە، كە دوو هەزارو 500 نەخۆش لە دۆخێكی ناجێگیردان و باری تەندروستیان خراپە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 34 هەزار و 455 كەس بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی Worldometer كە رۆژانە لەبارەی پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان زانیارییەكانی نوێ دەكاتەوە، توركیا لەریزبەندی وڵاتانی جیهاندا گەیشتووەتە پلەی حەوتەم لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان و پێش وڵاتی ئیتاڵیا كەوتووە.

وەك هەوڵێكیش بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەكە، ئەمڕۆ 13-4-2021، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، بڕیاریدا لەماوەی مانگی رەمەزاندا، قەدەغەی هاتووچۆی نیمچەیی لەسەراسەری ئەو وڵاتە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی بڕیارە نوێیەكەی ئەردۆغان، لەرۆژی دووشەممەوە تاوەكو رۆژی هەینی، لەكاتژمێر 7ی ئێوارەوە تاوەكو 5ی بەیانی، هاتووچۆكردن بەهەموو شێوەیەك قەدەغە دەبێت، جگە لە حاڵەتە پێویستەكان نەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن