ئاماده‌یت خۆت توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌یت به‌رامبه‌ر بڕێك پاره؟
ڕاچڵه‌كین- چراخان ئاسۆ
له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازدا به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و چاكبونه‌ته‌وه دوباره توشی ڤایرۆسه‌كه ده‌كرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن به‌رگری له‌شیان تا چ ڕادده‌یه‌كه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی پێگه‌ی" سكای نیوز" ی به‌ریتانی بڵاویكردۆته‌وه تیایدا هاتووه كه تاقیكردنه‌وه‌كه له زانكۆی "ئۆكسفۆرد" له به‌ریتانیا ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر بكرێت بڕی 5 هه‌زار جونه‌ی ئه‌سته‌رلینیان پێده‌درێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18-30 ساڵدایه و پێشتر توشی ڤایرۆسه‌كه بوون و جارێكی دیكه له ژینگه‌یه‌كی داخراودا ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كرێته له‌شیانه‌وه و ئه‌م كه‌سانه ناچار ده‌كرێن ماوه‌ی 17 ڕۆژ له نه‌خۆشخانه بمێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی دیكه توش نه‌كه‌ن.
مه‌به‌ستی زاناكان له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه بزانن كه بڕی پێویست له ڤایرۆس چه‌نده بۆ ئه‌وه‌ی دوباره كار له به‌رگری له‌شی ئه‌م كه‌سانه بكات بۆ ئه‌وه‌ی توشی ڤایرۆسه‌كه ببنه‌وه له‌كاتێكدا پێشتر توشبوون و چاكبونه‌ته‌وه.