هەڵەبجە بێ ئاو دەبێت

ڕاپۆرت

21/04/2021     ژمارەی بینراو 513

راچڵەكین-

بەرپرسانی ئیداری لە پارێزگای هەڵەبجە هۆشداری دەدەن لەوەی كە ماوەیەكی تر نەتوانن ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین بكەن.

پارێزگای هەڵەبجە ماوەیەكە تووشی كەم ئاوی هاتووەو لەئێستادا ئەو سەرچاوانەی ئاوی پارێزگاكە دابین دەكەن كە خۆیان لە سێ سەرچاوەدا دەبیننەوە، كەمیان كردووە.

پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی سێ پرۆژەوە، ئاوی خواردنەوەی بۆ دابینكراوە، ئەوانیش پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵەیە لەسەر رووباری سیروان، بیرەكانی نێو شاری هەڵەبجە و پرۆژەی ئاوی سەرچاوەی زەڵم.

كاوە عەلی- جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، رایگەیاند، ئێران دروستكردنی بەنداوی داریانی بە كۆتا گەیاندووە و لەئێستادا بەشێكی ئاوی ناوچەكە كەمی كردووە بەو هۆیەوە.

كاوە عەلی، لەبارەی هۆكارەكانی كەمبوونی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای هەڵەبجە وتی:" چەند ساڵێكە بەرپرسانی ئێران سەرقاڵی دروستكردنی چەند بەنداوێكن لەوانە بەنداوی داریان كە لەئێستادا بەهۆی پڕكردنی ئاو بەنداوەكەوە، ئاستی ئاوی رووباری سیروان بەتەواوی دابەزیوە و ئەمەش كاریگەری كردۆتە سەر خاڵەكانی وەرگری ئاو لە پرۆژەی ئاوی هانە ژاڵە كە خۆی لە دوو خاڵی وەرگردا دەبینێتەوە".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وەك هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە پرۆژەكانی هەڵەبجە راگەیاند، پێشتر بەهۆی بوومەلەرزەكەی ساڵی ٢٠١٧ لە دەربەندیخان و دەورووبەری، ئاوی بەنداوەكە بەردرایەوە تاوەكو سیانەی بكەنەوە، ئەمەش وای كرد خۆی لەخۆیدا ئاستی ئاوی دەربەندیخان كەم بكات و ساڵانە لە مانگی ئەیلوول و تشرینی یەكەمدا كێشەی كەم ئاوی بەرۆكی هەڵەبجە بگرێت و بەشێوازی جیا چارەسەر دەكرا و هۆشداری ئەوەش دەدات كە لەمساڵدا ئەگەر كێشەكانی كەمئاوی چارەسەر نەكرێت لە مانگی ئایارەوە ناتوانرێت ئاوی خواردنەوە بۆ هەڵەبجە دابین بكرێت.

كاوە عەلی وتی: "ئێمە لای خۆمانەوە ئەو مەترسیانەمان ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم و عێراق كردووە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی عێراق و هەرێممان لەو مەترسییە ئاگادار كردوەتەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە ئەم پرسەیان بەكۆنسولی ئێران و بەرپرسانی دیكە گەیاندووە، لەوەڵامدا ئەوەیان خستووەتەڕوو كە لەئێستادا بە نیازی گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی سیروان نین و تەنها سەرقاڵی دروستكردنی چەند پرۆژەیەكی ئاودێرین".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەكات، لە دەسەڵاتی پارێزگادایە لەو بڕە پارەیەی كە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاكان تەرخانكراوە پرۆژەی تایبەت بە ئاو و ئاودێری بنیات بنێت و كێشەكانی كەمئاوی چارەسەر بكات.

پرۆژەی ستراتیجیی دابینكردنی ئاوی خوارنەوەی پارێزگای هەڵەبجە لە گوندی هانە ژاڵە لە ساڵی ٢٠١٣ بە بەهای ١٧٤ ملیۆن دۆلار لەلایەن كۆمپانیای سانگ یۆنگی كۆرییەوە جێبەجێكراوە كە خۆی لە سێ وەرگری ئاودا دەبینێتەوە كە لەنێو رووباری سیرواندا جێگیركراون و لەئێستادا تەنیا دوو لەو خاڵە وەرگرانە كار دەكەن و خاڵی سێیەم كار ناكات كە لە قوڵایی زیاتردایە و توانای دابینكردنی ئاوی دەبێت لە ئەگەری كەمبوونەوەی زیاتری ئاوی رووبارەكەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن