ژمارەی توشبووانی كۆڕۆنا لە توركیا روو لەهەڵكشان دەكات

جیهان

29/04/2021     ژمارەی بینراو 279

راچڵەكین  -

ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا لە توركیا روو لە هەڵكشانی زیاترە، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەش ئاشكرایدەكات، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە 37 هەزارو 670 حاڵەتی نوێی توشبوون تۆماركراوەو كۆی ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە 40 هەزار كەس نزیكدەبێتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 37 هەزارو 674 كەسی دیكە تووشی كۆڕۆنا بوون و 339 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەئێستادا كۆی گشتیی تووشبووانی كۆڕۆنا لەو وڵاتە بۆ چوار ملیۆن و 788 هەزار و 700 حاڵەت بەرزبووەتەوە، كە سێ هەزارو 600 نەخۆش لە دۆخێكی ناجێگیردان و باری تەندروستییان خراپە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 39 هەزار و 737 كەس بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی Worldometer كە رۆژانە لەبارەی پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان زانیارییەكانی نوێ دەكاتەوە، توركیا لەریزبەندی وڵاتانی جیهاندا لە پلەی شەشەمدایە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان و مردن بە كۆڕۆنا.

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا، حكومەتی توركیا بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە 29-4-2021، قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێت و رۆژی 17-5-2021 دۆخەكە ئاسایی دەكرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن