هیندستان؛ تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

جیهان

30/04/2021     ژمارەی بینراو 282

راچڵەکین-

هیندستان بە تۆمارکردنی ٣٨٦ هەزار و ٤٥٢ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی توشبوون بە پەتاکە لە یەک رۆژدا تۆمارکرد.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە ٣٨٦ هەزار و ٤٥٢ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و، سێ هەزار و ٤٩٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی تووشبووانی پەتاکە لە هیندستان گەیشتووەتە ١٨ ملیۆن و ٧٦٢ هەزار و ٩٧٦ کەس، کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٠٨ هەزار و ٣٣٠ کەس.

بە گوێرەی ماڵپەڕی "Worldometers" کە زانیارییەکانی پشت بە ئاماری پەتای کۆرۆنا دەبەستن لە جیهاندا، هیندستان لە رووی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە ریزبەندی دووەم گرتووە و لە رووی حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو پەتایەش ریزبەندی چوارەمی گرتووە.

جگە لەوەس کێشە لە دابینکردنی ئۆکسجین بۆ ئەو نەخۆشانەی ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان بۆ دانراوە لە هیندستان سەریهەڵداوە، هاوکات لە شوێنی سووتانی تەرم شوێن نەماوە و، لە شارەکاندا لە شوێنە کاتییەکاندا تەرمەکان دەسووتێنرێن.

هیندستان ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە، کەمپینێکی بەرفراوان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێوەدەبات و وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، تا ئێستا ١٥٢ ملیۆن و ٢٤٥ هەزار و ١٧٩ کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن