كۆڕۆنا زیانی 800 ملیار دۆلار بە ژنانی جیهان دەگەیەنێت

ئابوری

30/04/2021     ژمارەی بینراو 102

راچڵەكین –

رێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئاشكرایكردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا، ژنانی جیهان لەساڵی 2020دا بەهۆی لەدەستدانی كارەكانیانەوە، 800 ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە، چاوەڕوانیش دەكرێت لەمساڵدا 47 ملیۆن ژن لەسەرانسەری جیهاندا دووچاری هەژاری ببنەوە.

رێكخراوی ئۆكسفام-ی بەریتانی، كە یەكێتییەكی نێودەوڵەتییەو تایبەتە بە رێكخراوە خێرخوازییەكان، لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویكردووەتەوە، ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا، 64 ملیۆن ژنان لەسەرانسەری جیهاندا كارەكانیان لەدەستداوە، بەو هۆیەشەوە تێكڕای ئەو ژنانە بڕی 800 ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.

ئەو رێكخراوە كە كار لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی هەژاری لە جیهان دەكات، ئاماژەی بەوەكردووە، پەتای كۆڕۆنا زیاتر كاریگەری لەسەر ژنان هەبووە وەك لە پیاوان، ئاشكراشیكردووە، ئەو زیانە داراییەی كە ساڵی پار لەژنان كەوتووە، یەكسانە بە كۆی داهاتی ناوخۆیی 98 وڵاتی جیهان.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ، 47 ملیۆن ژن لە جیهاندا دووچاری هەژارییەكی توند ببنەوەو توانای دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانیان نەبێت.

بەپێی ناوەندە ئابورییەكانی جیهان، پەتای كۆڕۆنا زیانی زیاتر لە 13 تریلیۆن دۆلاری بە ئابووری جیهان گەیاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن