سێ هەزارو 689 تووشبووی كۆرۆنا لە هندستان گیانیان لەدەستدا

جیهان

02/05/2021     ژمارەی بینراو 198

راچڵەكین-

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوكراوەتەوە لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٩٢ هەزار و ٤٨٨ حاڵەت تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوە و سێ هەزار و ٦٨٩ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە كاتێكدا تێكڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاكە لە هیندستان گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن و ٥٥٧ هەزار و ٤٥٧ كەس، كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢١٥ هەزار و ٥٤٢ كەس. ژمارەی ئەو نەخۆشانەشی چارەسەركردنیان درێژەی هەیە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٣٤٩ هەزار و ٦٤٤ كەس.

حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا لە هیندستان كە لە مانگی نیساندا رووی لە هەڵكشان كرد، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

لە هیندستان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە لە چواری نیساندا، ١٠٠ هەزاری تێپەڕاند و لە ١٥ی نیساندا، ٢٠٠ هەزار و لە ٢١ی نیسان-یشدا، ٣٠٠ هەزار و لە ٣٠ی نیسانیشەوە، ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە.

هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە هیندستان، ژمارەی ئەو كەسانەی رۆژانە بەو پەتا جیهانگیرییە گیان لەدەست دەدەن لە بەرزبوونەوەدایە و لە ٢٠ نیساندا، دوو هەزار و لە ٢٧ی نیسانیشەوە، سێ هەزاری تێپەڕاندووە.

هیندستان لەئێستادا ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانی گرتووە لە تۆماركردنی زۆرترین حاڵەتەكانی رۆژانە لە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای كۆرۆنا.

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ژمارەی ئەوكەسانەی دژ بەو پەتایە ڤاكسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ١٥٦ ملیۆن و ٨١٦ هەزار و ٣١ كەس.

لە دوای ئەمریكا و چین، هیندستان لە ریزبەندی سێیەمدایە لە رووی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.

بۆ ئەوەی وەرگرتنی ڤاكسین كاریگەرتر بێت لە راگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، لەمڕۆوە دەستدەكرێت بە پێدانی ڤاكسین بەو كەسانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨-٤٥ ساڵیدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن