تووشبوون بەكۆرۆنا لەهەندستان نزیك دەبێتەوە لە 20 ملیۆن كەس

جیهان

03/05/2021     ژمارەی بینراو 145

راچڵەكین-

حاڵەتە تۆماركراوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە هیندستان كە یەكێكە لەو وڵاتانەی بەتوندترین شێوە ئەو پەتا جیهانگیرە كاریگەری كردووەتە سەری، لە ٢٠ ملیۆن نزیك بووەتەوە

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوكراوەتەوە لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٦٨ هەزار و ١٤٧ حاڵەت تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تۆماركراوە و سێ هەزار و ٤١٧ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لە كاتێكدا تێكڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاكە لە هیندستان گەیشتووەتە ١٩ ملیۆن و ٩٢٥ هەزار و ٦٠٤ كەس، كۆی ژمارەی ئەوكەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢١٨ هەزار و ٩٥٩ كەس، ژمارەی ئەو نەخۆشانەشی چارەسەركردنیان درێژەی هەیە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٤١٣ هەزار و ٦٤٢ كەس.

حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا لە هیندستان كە لە مانگی نیساندا رووی لە هەڵكشان كرد، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

لە هیندستان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە لە چواری نیساندا، ١٠٠ هەزاری تێپەڕاند و لە ١٥ی نیساندا، ٢٠٠ هەزار و لە ٢١ی نیسان-یشدا، ٣٠٠ هەزار و لە ٣٠ی نیسانیشەوە، ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە.

هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە هیندستان، ژمارەی ئەو كەسانەی رۆژانە بەو پەتا جیهانگیرییە گیان لەدەست دەدەن لە بەرزبوونەوەدایە و لە ٢٠ نیساندا، دوو هەزار و لە ٢٧ی نیسانیشەوە، سێ هەزاری تێپەڕاندووە.

هیندستان لەئێستادا ریزبەندی یەكەمی وڵاتانی جیهانی گرتووە لە تۆماركردنی زۆرترین حاڵەتەكانی رۆژانە لە تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای كۆرۆنا.

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ژمارەی ئەوكەسانەی دژ بەو پەتایە ڤاكسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە ١٥٧ ملیۆن و ١٩٨ هەزار و ٢٠٧ كەس.

لە دوای ئەمریكا و چین، هیندستان لە ریزبەندی سێیەمدایە لە رووی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن