باڵیۆزی بەریتانیا: هێرشی مووشەكیی بۆسەر فڕۆكەخانەی بەغدا زیان بە پێگەی عێراق دەگەیەنێت

عێراق

03/05/2021     ژمارەی بینراو 525

راچڵەكین-

باڵیۆزی بەریتانیا لەعیراق، رایگەیاند، ئاراستەكردنی مووشەك بۆسەر فڕۆكەخانەی بەغدا زیان بە پێگەی عیراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت.

ستیڤن هیكی، لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی پەیامێكی بە زمانی عەرەبی بڵاوكردەوە.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق رایگەیاندووە:" ئاراستەكردن مووشەك بۆسەر فڕۆكەخانەی مەدەنیی بەغدا ژیانی عیراقییەكان دەخاتە مەترسییەوە و هەژاریشیان زیاد دەكات، چونكە دەبێتە هۆی ئاستەنگ لە بەردەم وەبەرهێنانی بیانی و گەشتوگوزار."

ستیڤن هیكی جەختی لەوەشكردووەتەوە، بەردەوامی هێرشی مووشەكی بۆسەر فڕۆكەخانەكە زیان بە پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دەگەیەنێت.

هیكی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرنجی بۆ ئەوە راكێشاوە كە ئاراستەكردنی مووشەك بۆسەر فڕۆكەخانەی بەغدا دەبێتە هۆی زیاتر ئەستەمبوونی گەشتی هاووڵاتییانی عیراقی بۆ دەرەوەی وڵات.

باڵیۆزی بەریتانیا لەعیراق، وەك ئاماژەیەك بە دەربڕینی ناڕەزایی لە بەردەوامی هێرشە مووشەكەییەكان بۆسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رایگەیاند، عێراقییەكان شایستەی ژیانێكی زۆر باشترن لەوەی ئێستایاندا.

شەوی رابردوو، دوو مووشەكی جوری كاتیوشا ئاراستەی ئەو بنكە سەربازییە كرا كە هێزەكانی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا تیایدا جێگیركراون، بەوتەی سەرچاوەیەكی سەربازیی سیستەمی بەرگریی مووشەكیی C-RAMی ئەمریكی یەكێك لە مووشەكەكانی تێكشكاندووە و مووشەكەكەی دیكە لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا كەوتووەتە خوارەوە.

جگە لەو بەشەی فڕۆكەخانەی نێودەڵەتیی بەغدا كە هێزەكانی ئەمریكا تیایدا جێگیراون، فڕۆكەخانەكە دوو بەشی دیكە لەخۆ دەگرێت كە بەشێكی مەدەنییە و سەربە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عیراقییە و بەشێكی دیكەی سەربازییە بە ناوی بنكەی محەمەد عەلا و سەربە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەكانە.

لە چەند مانگی رابردوودا، چەندینجار هێرشی مووشەكیی كراوەتە سەر ئەو بنكە سەربازییەی كە هێزەكانی ئەمریكا تیایدا جێگیركراون و واشنتۆن گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن