دادگای پێداچوونەوە دۆسێی سزادراوانی بادینانی یەكلاكردەوە

کوردستان

04/05/2021     ژمارەی بینراو 351

راچڵەكین-

دەستەی سزای دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بەزۆرینەی دەنگ سزای بەندكراوانی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن پەسەندكرد.

حاكم شێخ لەتیف، لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە:" بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی ھەرێم  كە لە پێنج دادوەر پێكدێن، بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر، سزای بەندكردنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی پەسەند كرد."

"رۆژێكی رەش و وەرچەرخانێكی ترسناك لەڕووی بەكارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی ، ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەكات."

حاكم شێخ لەتیف دەڵێت:" تاقە رێگا مابێ ئەوەیە كە سەرۆكی ھەرێم لەئاستی وتەكانی خۆی بێ و بڕیارێكی لێبوردنی  تایبەتیان بۆ دەربكات، چونكە پێشبینی ناكرێ تازە دەستەی گشتی دادگای پیداچونەوەش بریارەكەی بۆ بگۆڕدێت یان بیەوێت بیگۆرێت، ئەگەر داوای راستكردنەوەش بكرێ، ئەگەر گریمان سەرۆك رازیش بێ بیدات بەدەستەی گشتی. "

ئەو دادوەرە كوردە دەڵێت:" جارێ بڕیارەكەیان چاپ و ئیمزا نەكراوە ھیوادارین  چاوی پێدا بخشێنەوە دنیا ئەوەندەی بەبەرەوە نیە ، چونكە باش دەزانن بێ گوناحن و تاوانیان نەكردوە، ھەروەك چۆن دادگای تاوانەكانی دھۆك پێشتر لە كەیسی ھاوشێوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بریاریدابوو كە ئەوەی مامۆستا بەدەلی پێ تاوانبار كراوە تاوان نییەو دەچێتە خانەی ئازادی رادەربڕین و رەخنە گرتنەوە.

 رۆژی 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای هەولێر بڕیاری سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی سنووری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش رەوانەی دادگای پێداچوونەوە كرا بەمەبەستی بڕیاردانی كۆتایی.           

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن