كوڕانی گواردیۆلاو پۆچێتینۆ كامیان بلیتی یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ دەبەنەوە

وەرزش

04/05/2021     ژمارەی بینراو 298

راچڵەكین-

لەدرێژەی یاریەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا( چامپیۆنزلیگ)، هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و پاریس سانجێرمان، یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتاییدا ئەنجامدەدەن.

یارییەكە كاتژمێر 22:00 لەسەر یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، لەكاتێكدا هەفتەی رابردوو لەیاری چووندا، كوڕانی پێب گواردیۆلا لەدەرەوەی یاریگای خۆیان بەئەنجامی 2-1 لەكوڕانی ماوریسیۆ پۆچێتینۆیان بردەوە.

هەرچەندە یانە ئینگلیزییەكە هەنگاوێك لەپێش یانە پاریسییەكەیە بۆ گەیشتن بەیاری كۆتایی چامپیۆنز لیگ، بەڵام ئەو ئەنجامە ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو شت یەكلا بووەتەوە، بەڵكو كوڕانی گواردیۆلا ئەركیان قورسە، لەبەرئەوەی تیپی بەرامبەریان نێچیرێكی هێند ئاسان نییە.

ئەمە جاری سێیەمە هەردوو یانە لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەكانی ئەوروپا رووبەڕووی یەكدەبنەوە، دوای ئەوەی لە وەرزی 2009-2009 لە قۆناغی كۆمەڵەكانی جامی یەكێتیی ئەوروپا یەكسانبوون، پاشان لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2016-2015 جارێكی دیكە بەرامبەر یەكدی یارییانكردەوە، لە یاریی چووندا هەردوولا بە 2-2 لە یاریگەی پارك دی پرێنس یەكسانبوون، دوای ئەوەش لە یاریی گەڕانەوەدا مان سیتی لە یاریگەی خۆیدا بە 1-0 سەركەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی پێشكۆتایی.

پاریس سانجێرمان هەرگیز لە مانچێستەر سیتیی نەبردووەتەوە، بەڵام بردنەوەیان لە بارسێلۆنا و سەركەوتنیان بەرامبەر بایرن میونشن، ئەو یانەیەی زیاتر لە چاوی هەموواندا گەورەكرد و وەك یانەیەكی ركابەر سەیر دەكرێت، بۆیە پێناچێت و نەیمار و هاوڕێكانی، ئەمشەو بە ئاسانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی خۆی بەدەستەوەبدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن