شاندێكی ئیدارەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان

04/05/2021     ژمارەی بینراو 584

راچڵەكین-

وابڕیارە شاندێكی ئیدارەی ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"شاندەكەی ئیدارەی جۆ بایدن لە ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوە و بەرپرسانی كۆشكی سپی پێكدێن، سبەینێ سەردانی هەولێر دەكەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیان دەبێت." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 

سەفین دزەیی، ئاماژەەی بەوەشكردووە:" بەرنامەی سەردانەكە چەند هەفتەیەكە هەیە و شاندەكە سەردانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە دەكات، لەنێویشیاندا عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە."
 
سەبارەت بە ناوەڕۆكی سەردانەكە و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وتی "ئیدارەی نوێی بایدن لەكاتێكدا سەردانی ناوچەكە و عیراق دەكات لە چوار مانگی رابردوو زۆر گۆڕانكاری لە ناوچەكە هاتوونەتە كایەوە، بەتایبەت لە عیراق و ناوچەكە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو گۆڕانكارییانە دێن، لەگەڵ گفتۆگۆكردن لەبارەی پەیماننامەی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراق، هەروەها پرسی هەڵبژاردن لەعیراق و چەند پرسێكی دیكە، هەرێمی كوردستانیش لەچەقی ئەو پرسانەدایە".

ئەوەش لەكاتێكدا ئەمڕۆ شاندەكەی ئیدارەی ئەمریكا كەلەلایەن برێت ماكگۆرك، رێكخەری كارەكانی كۆشكی سپی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، سەرۆكایەتی دەكرێت، كۆبوەوەو هەردولا باسیان لەپەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی ئەمریكاو عیراق و كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەعیراق كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن