راچڵەكین-
دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانی و هەواڵە میدیاییانە رەتدەكاتەوە كە دەزگاكە دەبەستنەوە بەرووداوی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس لەبەغدای پایتەخت.
ماڵپەڕی یاهوو نیوزی ئەمریكی لە راپۆرتێكی تایبەتدا وردەكاریی كوشتنی قاسم سولەیمانی لە بەغدا ئاشكراكردووە، كە بەپێی راپۆرتەكە، هێزێكی دژەتیرۆر هەرێمی كوردستان (CTG) رۆڵی لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەبووە.
وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" شەوی ٨ \٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێك بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا بە شێوەیەكی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە كەیسی تیرۆركردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێكی كوردی و لە شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژە تیرۆری سەر بە هەرێمی كوردستان هاتووە، گەرچی ئێمە نازانین كە نووسەرانی راپۆرتەكە مەبەستیان لە كام هێزی دژە تیرۆرە لە كوردستان، چونكە بەداخەوە تا ئێستاش وەك ئاشكرایه، دوو هێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو هەواڵگری و دوو دژە تیرۆر لە هەرێمی كوردستان هەن. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەك هێزەكانی دژە تیرۆر هەبێت، بەهەموو شێوەیەك ئاگاداربوون و بەشداربوونی هێزەكەمان لە كردەوەی لەوجۆرەدا رەددەكەینەوە. خۆ ئەگەر راپۆرتەكە پەیوەندی بە لایەنەكەی ترەوە هەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان روونكردنەوە بدەن، بەتایبەت كە ئێمە ئاگاداری هیچ چالاكییەكی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانن."
لەبەشێكی تری روونكردنەوەكەدا هاتووە:" ژەنراڵ قاسم سلێمانی هاوڕێیەكی نزیكی خوالێخۆشبوو هەڤاڵ مام جەلال بووە و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێك لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ بە تیرۆریزمی كردووە كە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا. ئاشكرایە كە بە تیرۆركردنی سەركردەیەكی لەم ئاستە، هەرێمی كوردستان دۆستێكی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هاوڕێیەكی مام جەلالی لەدەستچوو."
"شایانی بیرهێنانەوەیە كە حكومەتی ئێران و حكومەتی عیراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەیسی بەئامانجگرتنی فەرماندە باڵاكەی ئێران لە عێراق، لە ساڵی رابردووەوە لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی بكەرەكانی ئەو كردەوەیە و، بۆ دەستنیشان كردنی بكەرەكانی چاوەڕوانی راپۆرتی میدیایی ناكەن، ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵامی هەر پرسیارێك."
دەزگای دژەتیرۆر لەبەشێكی تری روونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:" سەرباری ئەمانەش، ئێمە ئەو گریمانەیە بەهەند وەردەگرین كە دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان، دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان، بەتایبەت كە ئاگادارین ماوەیەكە ئەو دەزگا هەواڵگرییە، (بەشێكی تایبەت)ی پێكهێناوە بۆ دزەپێكردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان و، دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە زیان بە ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن."
وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر دەڵێت:" بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە هەواڵەش تایبەت بە شەهیدكردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم كاتەدا، و لكاندنیشی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بكەنەوە كە بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسك، دژایەتییان لەگەڵ خەڵك و یاریكردن بە چارەنووسی هەرێمی كوردستان، بەر پێگە حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەكەیان كەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سكانداڵی دەستگیركردن و زیندانی كردنی رۆژنامەنووسی گەنجی كورد بە تۆمەتی بێ بنەما، كە متمانەی لای خەڵك و دەرەوەش بۆ نەهێشتوون."
بەپێی ئەو راپۆرتەی كە بە پشتبەستن بە زانیاریی 15 بەرپرسی پێشوو و بەرپرسی ئێستای ئەمریكی نووسراوە. لە ئۆپەراسیۆنەكەدا سێ تیمی دەلتا فۆرس، هێزە تایبەتەكانی سوپای ئەمریكا، سێ درۆن بەشدارییان كردووە، هەروەها ئیسرائیل و ئەندامانی دژە تیرۆری یەكێتیش تێیدا بەشداربوون.