فاملی مۆڵ لەبارەی فستیڤاڵەكەیەوە روونكردنەوە دەدات

کوردستان

02/06/2021     ژمارەی بینراو 505

راچڵەكین-

 بەشی میدیاو كارگێڕی فاملی مۆڵ لەسلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو مەراسیم و یادكردنەوە گەورەیەی كەلەرۆژی جیهانی منداڵاندا بەڕێوەچوو و سەرنجی میدیاو ناوخۆیی و جیهانییەكانی بەلای خۆیدا راكێشا، هەنگاوێكی ئەرێنی بوو بۆ خواستە جوان و رەنگاڵەییەكانی منداڵانی كوردستان و خانەوادەكانیان كە هاوشانی منداڵانی جیهان دڵخۆش و ئاسوودەبن و هیوای دوارۆژێكی پرشنگدار بخوازن.

بەشی میدیاو كارگێڕی فاملی مۆڵ لەسلێمانی لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" مەراسیمەكەیان بە رەچاوكردنی تەواوی رێكارە تەندروستییەكان و پێشكەشكردنی ماسك و پاككەرەوەی دەست و خزمەتگوزاری ئەمنی، بەڵام بەهۆی پەرۆشی منداڵان و خانەوادەكانیان، بۆ فاملی مۆڵ، لەو كاتانەدا ناتوانرێت رێگری  لەهاتنەژوورەوەی هیچ میوانێك بكرێت."

دوێنێ لە رۆژی جیهانی منداڵاندا لە فاملی مۆڵی سلێمانی فستیڤاڵێكی فراوان بەڕێوەچوو، كەژمارەیەكی زۆر لەخێزان و منداڵان و هاوڵاتیانی تر ئامادەی بوون، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوەو هەندێك ستایشیان كردو هەندێكی تر ەرخنەیان ئەوەیان گرت كەلەم دۆخەی ئێستا كە مەترسی كۆرۆنا لەئارادایە، بوونی قەرەباڵغییەكی لەو شێوەیە دۆخەكە ئەستەم تر دەكات.

هاوكات هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاندووە، لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە و گرتنەبەری رێككاری یاسایی دژی رێكخەرانی فێستیڤاڵەكەی فامیلی مۆڵ پێكدەهێنن، كە ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان بەبێ رەچاوكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا بەڕێوەچوو.

وتیشی، وەك تەندروستی سلێمانی ئاگاداری رێكخستنی فستیڤالێكی لەو شێوەیەو بەو قەبارەیە نەبوون، ئەگەر پێشتریش ئاگاداریان بكردنایەتەوە، بەدڵنیاییەوە رێگایان پێنەدەدان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن