مێژووی شۆڕش و کودەتاکان لە وڵاتی مالی

کەلتوور

03/06/2021     ژمارەی بینراو 478

راچڵەکین-

کورتەیەک لە مێژووی وڵاتی مالی
وڵاتی مالی یەکێکە لە وڵاتە کێشەدارەکانی کیشوەری ئەفریقیا ، و دەکەوێتە خۆرئاوای کیشوەری ئەفریقیا ، کە لە باکورەوە بە وڵاتی جەزائیر و لە خۆرهەڵاتەوە بە وڵاتی نیجیر و لە باشورەوە بە وڵاتی نیجیر و بورکینافاسۆ و وڵاتی کۆتدیڤۆرار (کرناری عاج) و وڵاتی گینیا ، و لە خۆرئاواوە بە وڵاتی سینیگال و وڵاتی مۆریتانیا دەورە دراوە ، و ئەم وڵاتە مێژووێکی دێرینی هەیە ، و هەر لە کۆنەوە نەتەوەی سۆنینکی و ماندینکا و ئەمازیغی لێ ژیاوە کە زۆرینەی ئەمازیغییەکان سەر فیدراسیۆنی خێڵەکی توراقن و لەگەڵ هەندێ نەتەوەی تر ، و پێشتر ئەو وڵاتە پێش دروست بوونی ئیمپراتۆریای گانا ، هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی تێدا نەبووە ، و پاش ئەوەی ئیمپرتاتۆریای گانا دامەزرا ، ئەوە بوو بەشێکی وڵاتی مالی بووە بەشێک لێی ، و دواتر بەشەکانی مالی بووە بەشێک لە ئیمپراتۆریای سۆسسۆ ، و پاش شەڕی کیرنیا لە ساڵی (1235ز) لە نێوان سوپای ئیمپراتۆریای سۆسسۆ بە سەرکردایەتی ئیمپراتۆر سۆوماۆەۆ کانتێ  و سوپای خێڵەکانی نەتەوەی ماندینکا بە سەرکردایەتی میر سوندیاتا کیتا ، لە ناوچەی کیرنیای سەر بە هەرێمی کۆولیکۆرۆی وڵاتی مالی ، و ئەوە بوو ئیمپراتۆریای سۆسسۆ شکستی هێنا و کۆتایی پێهات ، و لە ساڵی (1235ز) ئیمپراتۆریای مالی مالی دامەزرا ، و بەشێکی گەورەی مالی بووە بەشێک لێی ، و بەشێکی تری زۆری بووە لە ئیمپراتۆریای سۆنگای ، و هەندێ بەشێک لە مالی بووە بەشێک لە شانشینی سەعیدی مەڕاکیشی ، و دواتر بووە لە ئیمپراتۆریای بامانا ، و بووە بەشێکی بووەتە قەڵەمڕەویی شانشینی کێنێدۆوگۆو ، و دواتر بووە بەشێک لە شانشینی تۆوکۆولیور و پاشان بووە بەشێک لە واسسۆولۆو ، و دواتر لە ساڵی (1896ز) تەواوی وڵاتی مالی لە لایەن داگیرکەرنی فەرەنسی داگیر کرا ، و کردیانە بەشێک لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەفریقیای فەرەنسی کە بە (سودانی فەرەنسی)یش ناسرا بوو ، و لە ساڵی (1959ز) وڵاتی مالی لەگەڵ وڵاتی سینیگال یەکێتی مالی یان لە ژێر سەرپەرشتی فەرەنسا دروست کرد ، و لە ڕێکەوتی (20_6/حوزەیران یان یونیو_1960) مالی سەربەخۆیی وەرگرت و جیا بووە لە فەرەنسا بە سەرکردایەتی مۆدبیۆ کییتا (1968_1960ز) یەکەم سەرۆک کۆماری مالی ، و لە ڕ ێکەوتی (20_8/ئاگوستۆس_1960) لە یەکێتی مالی دەرچوو ، و هەروەها وڵاتی لەو کاتەوەی سەربەخۆیی وەرگرتووە تاوەکو ئێستا نزیکەیی (9) سەرۆک کۆمار و نزیکەیی (21) سەرۆک وەزیران بە خۆیەوە بینیووە.

بەرپا بوونی شۆڕش و ئەنجام دانی کودەتاکان لە وڵاتی مالی
یەکەم/ سەرهەڵدانی شۆڕشی هەرێمی کیدالی ئەزاواد ، لە ساڵی (1962ز) بە دژی وڵاتی مالی لە لایەن هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق کە سەر بە نەتەوەی  ئەمازیغن ، و هۆکاری بەرپا بوونی شۆڕشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یەکەم سەرۆک کۆماری مالی بە ناوی مۆدبیۆ کییتا ، هێزێکی سەربازی سوپای مالی بۆ هەرێمی کیدال بۆ سەرژمێری دانیشتوانەکەی ڕەوانە کرد ، بەڵام ئەو سەربازانەی سوپای مالی بە شێوەیەکی نەشیاو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمەکە کرد ، و ئەوەش بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشەکە ، و سوپای مالی بە هاوکاری هەر یەکە لە وڵاتی جەزائیر و شانشینی مەڕاکیش (مەغریب) توانی شۆڕشی هەرێمی کیدالی ئەزاواد ، لە ساڵی (1964ز) سەرکوت بکات.

دووەم/ لە ڕێکەوتی (19_11/تشرینی دووەم_1968) لە لایەن ژەنەڕاڵ مۆوسسا تراۆێ سەرۆکی ئەفسەرانی کودەتاچی سوپای مالی ، بە دژی مۆدبیۆ کییتا (1968_1960ز) یەکەم سەرۆکی وڵاتی مالی کودەتایەکی سەربازی کرد ، و مۆدیبۆ کییتا (1968_1960ز) دەست گیرا و ڕەوانەی شاری کیدالی ناوەندی هەرێمی کیدالی باکوری مالی کرد و لەوێ خرایە زیندان ، و ژەنەڕاڵ مۆوسسا تراۆێ (1991_1968ز) بووە سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی.

سێیەم/ سەرهەڵدانی شۆڕشی توراق لە ساڵی (1990ز) ، لە لایەن شۆڕشگیڕانی گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) کە سەر بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی میللی ئەزاواد و بزووتنەوەکانی تری رزگاریخوازیی ئەزاوادی بوون ، بە سەرکردایەتی ئەیاد ئاغی غالی و مانۆۆ دایاک و ڕهیسسا ئاغی بۆولا ، کە شۆڕشیان لە تەواوی هەرێمەکانی ئەزاواد دەست پێ کرد ، بە دژی دەسەڵاتی سەربازی مالی ، و لە ساڵی (1991ز) ڕێکەوتننامەی تەمنگست لە نێوان شۆڕشگێرانی ئەزاواد و حکومەتی مالی واژۆکرا کە دەبوو لایەنە بە شەڕ هاتووەکان شەڕ ڕابگرن و سوپای مالی لە هەر دوو هەرێمی تیمبوکتو و کیدال بکشێنێتەوە ، و بەڵام ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ نەکرا و جارێکی شەڕ دەستی پێکردووە ، و لە ساڵی (1992ز) پەیماننامەی نیشتمانی لە نێوان شۆڕشگیڕانی  گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) و حکومەتی مالی بەسترا بە نێوندگیری باڵیۆزی فەرەنسا لە وڵاتی مالی کە بە پێی ئەو پەیماننامەیە دەسەڵاتی خۆجێی واتا ئۆتۆنۆمی بدرێتە هەر سێ هەرێمی ئەزاواد و دابین کردنی بەشێک لە بودجەی وڵاتی مالی بۆ کەم کردنەوەی هەژاری لە هەر سێ هەرێمی ئەزاواد و تێکەڵ کردنەوەی شۆڕشگێڕان بە دانیشتوان ، و بەڵام ئەوەش سەری نەگرت و دووبارە شەڕ دەستی پێکردووە ، بەڵام لە ساڵی (1996ز) ڕێکەوتننامە مۆمی ئاشتی لە شاری تیمبوکتو لە نێوان شۆڕشگیڕانی  گەلی ئەمازیغی (هۆزەکانی فیدراسیۆنی خێلەکی توراق) و حکومەتی مالی واژۆ کرا بەوەش شۆڕشی ئەزاوادی توراقی لە هەمان ساڵ کۆتایی هات ، و شۆڕشگێڕان سێ هەزار چەکیان ڕادەستی حکومەت کرد.

چوارەم/ لە ڕێکەوتی (26_3/ئازار_1991) لە لایەن ژەنەڕاڵ ئامادۆو تۆومانی تۆورێ بە دژی مۆوسسا تراۆێ (1991_1968ز) کە دووەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی بوو کودەتایەکی سەربازی کرد ، کە هێشتا ساڵێک بوو بە سەر شۆڕشی هەرێمەکانی ئەزاواد تێپەڕ بوو ، و دواتر ژەنەڕاڵ ئامادۆو تۆومانی تۆورێ (1992_1991ز) بووە سێیەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی ، کە ماوەی (1) ساڵ و (2) مانگ و (13) ڕۆژ ، لە پۆستی سەرۆک کۆماری مایەوە ، و دواتر ئەلفا عومەر کۆنارێ (2002_1992ز) بە هەڵبژاردن بووە چوارەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی.

پێنجەم/ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەزاواد ، لە ساڵی (2005ز) بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئاغی بەهنتا لە پێناو سەربەخۆیی وڵاتی ئەزاواد ، کە تا ساڵی (2009ز) شۆڕشەکە بەردەوام بوو ، و ئەوە بوو لە ساڵی (2009ز) بە نێوندگیری وڵاتی لیبیا و جەزائیر پەیماننامەیەک لە نێوان شۆڕشگێڕانی ئەزاواد و حکومەتی مالی واژۆ کرا ، و بەوەش شۆڕشی ئەزاواد کۆتایی هات و شۆڕشگێڕان چەکیان ڕادەستی حکومەت کرد.

شەشەم/ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەزاواد ، لە مانگی (2) ی ساڵی (2012ز)  بەدژی حکومەتی مالی ، و بزووتنەوەی نیشمانی بۆ رزگاری ئەزاواد توانی لە ماوەیەکی کەمدا هەر سێ هەرێمی تیمبوکتو و کیدال و گاو ئازاد بکات ، و لە ڕێکەوتی (4_6/یونیو_2012) دەوڵەتی سەربەخۆیی ئەزاواد ڕاگەێنرا لە لایەن بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ رزگاری ئەزاواد ، و بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی نەنا بە سەربەخۆیی وڵاتی ئەزاواد ، و هەروەها پاش ئەوەی بارودۆخی سیاسی و سەربازی لە وڵاتی مالی ناجێگیر بوو ، و ئەوە بوو سوپای وڵاتی فەرەنسا لە ڕێکەوتی (1_12/کانوونی یەکەم_2013) دەستێوەردانی لە کاروباری مالی ، و هاوکاری سوپای مالی کرد لە دژی شۆڕشگێڕانی ئەزاواد و سەربازانی سوپای مالی و سوپای فەرەنسا هێرشیان کردە سەر وڵاتی ئەوازاد ، و توانیان یەک بە دوای یەک  دەست بگرن هەر سێ هەرێمەکەی ئەزاواد ، کە لە ڕێکەوتی (2013_6_26) کۆتایی بە دەوڵەتی ئەزاواد هێنرا ، و دووبارە وڵاتی ئەزاواد بووە بەشێک لە وڵاتی مالی تا ئێستا.

حەوتەم/ لە ڕێکەوتی (22_3/ئازار_2012) لە لایەن نەقیب ئامادۆو سانۆگۆ بە دژی سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی ئامادۆو تۆومانی تۆورێ (2002_2012ز) کە بۆ جاری دووەم بووە بە سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی کودەتایەکی سەربازی کرد ، کە ئەوەش پشێووی سەربازی و سیاسی لە وڵاتی مالی دروست کرد ، و ئامادۆو سانۆگۆ (2012ز) بووە پێنجەمین سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی ، و تەنها (21) ڕۆژ لەو پۆستەدا مایەوە ، و دواتر دیۆنکۆوندا تراۆێ (2012_2013ز) بوو بە شەشەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی ، و دوای ئەوەیش ئیبراهیم بۆوباکار کییتا (2013_2020ز) بوو بە حەوتەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی.

هەشتەم/ لە ڕێکەوتی (19_8/ئاگوستۆس_2020) لە لایەن ژەنەڕاڵ ئاسیمی کۆییتا سەرۆکی کۆمیتەی نیشتمانی بۆ ڕزگاری گەل و سەرۆکی کودەتاچییەکان ، بە دژی ئیبراهیم بۆوباکار کییتا (2013_2020ز) حەوتەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی کودەتایەکی سەربازی کرد ، و ئەم کودەتایە  بەشێک بوو لەو پەشێوەی کە لە ڕێکەوتی (25_6/یونیو_2020) وڵاتی مالی گرتووە ، کە ئەو پەشێوەیە دەگەرێتەوە ، بۆ کردە توند و تیژانەیەی کە لە لایەن ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان لە شاری باماکۆی پایتەختی وڵاتی مالی و شارەکانی تری ئەو وڵاتە ئەنجامیان دەدا ، و هەروەها شۆڕشگیڕانی ئەوازاد لە باکوری وڵات بەردەوام بوون لە شۆڕش بە دژی دەسەڵاتی حکومەتی مالی ، و لە ئەنجامی کودەتایەکە ئیبراهیم بۆوباکار کییتا (2013_2020ز) سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆوبۆو سیسی و تەواوی ئەندامانی کابینەکەی دەستیان لە کار کێشایەوە ، و ژەنەڕاڵ ئاسیمی کۆییتا (2020ز) بووە هەشتەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی ، کە بۆ ماوەی (1) مانگ و (6) ڕۆژ لەو پۆستە مایەوە ، و دواتر باه نداو (2020_2021ز) بووە نۆیەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی.
نۆیەم/ لە ڕێکەوتی (24_5/ئایار_2021) لە لایەن ژەنەڕاڵ ئاسیمی کۆییتا سەرۆکی کودەتاچییەکان ، بە دژی باه نداو (2020_2021ز) نۆیەم سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی کودەتایەکی سەربازی کرد ، و باه نداو (2020_2021ز) سەرۆکی وڵات و مۆکتار قوانی سەرۆک وەزیران و لە بنکەی کاتی سەربازی لە نزیک باماکۆ پایتەخت دەستگیر کراون ، و لە ڕێکەوتی (25_5/ئایار_2021) ژەنەڕاڵ ئاسیمی کۆییتا بۆ جاری دووەم بووە بە سەرۆک کۆماری وڵاتی مالی.

سەرچاوەکان
1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
2_عه‌لی که‌ندی: فه‌رهه‌نگی ڕووداوه‌کانی کوردستان ووڵاتانی جیهان-هه‌ولێر2005ز. 
3_هاوڕێ ره‌ئووف حه‌سه‌ن: ئه‌تڵه‌سی جیهان-سلێمانی2010ز.
4_رواج حاجی: وڵات ناس-هه‌ولێر2011ز.
5_ئینته‌رنێت-ویکیپیدیای ئازاد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن