مه‌ترسییه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی ئازارشكێنی ڤۆڵفاست

تەندروستی

08/06/2021     ژمارەی بینراو 354

مه‌ترسییه‌كانی زۆر به‌كارهێنانی ئازارشكێنی ڤۆڵفاست

ڕاچڵه‌كین-

بەر لە ماوەیەک نەخۆشێکی گەنجم بینیوە کە بۆ ماوەی سێ ھەفتە و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار تۆزی (فەواڕ)ی دەرمانی ڤۆلفاستی بۆ ئازاری ددانی بەکارھێنابوو، کە ھاتە لام بە بێھێزیی و سەرسووڕانێکی زۆر و ڕشانەوەیەکی بەردەوام و سەرئێشە و ئازارێکی زۆری ماسوولکەکانی ھەبوو.

دوای پشکنینی پێویستیی کلینیکیی و تاقیگەیی، بەداخەوە کەسەکە تووشی پەککەوتنی لەناکاو و کتوپڕی ھەردوو گورچیلەی بوو، پاشان دوای ناردنی بۆ پزیشکێکی تایبەتمەندیی ئەم بوارە، ھۆکارەکەی بۆ زۆر بەکارھێنانی ڤۆلفاست گەڕاندەوە کە نەخۆشەکە بە داخەوە بە شێوازێکی نازانستیی و بڕێکی زۆر و بێ گەڕانەوە بۆ پرسکردن بە پزیشک دەرمانەکەی بەکارھێنابوو.

ڤۆلفاست چییە؟
ناوە زانستییەکەی (دایکلۆفیانک پۆتاسیۆم)ە، لە گرووپی دەرمانە ئازارشکێنە دژەھەوکەرەکانە و لە زاراوە پزیشکییەکەئ (گروپی NSAID)ە.

دیارتریین لێکەوتە نەرێنییەکانی ڤۆڵفاست کە مەرج نییە لە ھەموو کەسێک ڕووبدەن:
1-برین و ھەوکردن یان خوێنبەربوونی گەدە و دوازدەگرێ.
2-گەڕاندنەوەی ئاوی زیادە بۆ ناو لەش و ئاوسانی لەش بە تایبەت لەوانەی سست بوونی دڵ و گورچیلەیان ھەیە.
3-پەککەوتنی گورچیلەکان و چەندین لێکەوتەی تر.
4ئەو کەسانە کێن کە نابێت بە ھیچ جۆرێک ڤۆڵفاست بەکاربێنن؟
5-ھەموو ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی گورچیلەیان ھەیە
6-زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی درێژخایەنی ماسوولکەکانی دڵیان ھەیە.
7-زۆربەی ئەو کەسانەی جەڵتەی دڵیان ھەیە.
8-زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەککەوتنی جگەری تووند و درێژخایەنیان ھەیە.
9-ئەو کەسانەی کە برینی گەدە و دوانزەگرێیان ھەیە بەتایبەت ئەگەر حاڵەتەکە نوێ بێت (ئێستا یان لە ماوەیەکی کوورتی ڕابردوو).
10-بەشێکی بەرچاوی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی (ڕەبۆ)یان ھەیە.

بە شێوەیەکی گشتیی کەسانی بەتەمەن و خانمانی دووگیان، دەبێت لە بەکارھێنانی ڤۆڵفاست دووربن تەنھا لە ڕێگەی ڕاوێژ بە پزیشک دەبێت وەریگرن یان نا.

تکایە ئەم دەرمانە دەرمانێکی بەربڵاوە و بەکارھێنەری زۆرە، دەرمانێکی کاریگەرە بۆ ئازارشکاندن و لە جیھانیش بەکارھێنەری زۆرە، دەکرێ ھەموو ئەم لێکەوتانەی کە لەسەرەوە باس کران دەشێ زۆر بە کەمیی ڕووبدەن ئەگەر دەرمانەکە بە شێوازێکی تەندرووست بەکاربھێندرێت، بەلام بەبێ ڕاوێژ بە پزیشک و دەرمانساز، بەکاری مەھێنە.
مەبەست لە پۆستەکە تەنھا ئەوەیە کە ئەم دەرمانە باشترە بە شێوازێکی زانستییانە و تەندرووست 
بەکاربھێندرێت.
د.زانا دزەیی
پسپۆڕی ھەناو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن