"پێم وانیە عیراق هیچ بڕە پارەیەك بداتە هەرێم"

کوردستان

10/06/2021     ژمارەی بینراو 380

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كە بەغدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات. دەشڵێت:" گەندەلی گەشەی كردوەو چاكسازی تەنها دروشمە."

عەباس فەتاح لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، بارودۆخی هەرێم دڵخۆشكەر نییە:" من بە خوێندنەوەی خۆم  ئەوەی  دیبینم و ئەم دۆخە دەخوێنمەوە پێی دڵخۆش نیم لەبەر ئەوەی  حیزبەكان سەرجەمیان لەگەل یەك ناكۆكن،هیچ حیزبێك نابینین لەناو خۆی تەواوكۆك بێت."

دەشڵێت:" پێم وانیە عیراق هیچ بڕە پارەیەك بداتە هەرێم،گەندەلی گەشەی كردوەو چاكسازی تەنها دروشمە."

عەباس فەتاح دەڵێت:" بەرزبونەەی نرخی دۆلارو نەوت و نەمانی شەڕی داعش، بارو گوزەرانی خەڵكی باش نەكرد،هیچ سەردەمێك بەقەت ئێستا لە فەرمانگەكان بێ سەروبەری و دەوام نەكردن نەبووە، تەخشان و پەخشانی زەوی و تەداخولی گومرگەكان  زۆر زیادی كردوە."

لەبارەی خوێندن و ئایندەی گەنجان دەڵێت:" خوێندن لەوپەڕی لاوازی دایە لە هەموو قوناغەكان،هیچ ئومێدێك بۆ گەنجان نەماوە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" هەموو ئەو هۆكارانەی باسم كردو زۆری تر پێمان دەڵێت بارودۆخی هەرێم دلخۆشكەر نییە. كە ئەم ڕاستیانە هەمولایەك لەمن باشتر دەزانن  بەڵام هەنگاونان بۆ چارەسەركردن و كەم كردنەوەی ناهاویژرێت، هیوادارم  من هەڵەبم ونیشانەی نائومێدی و ڕەشبینیم نەبێت. چونكە قەت بە دۆخی خراپی هەرێم نەك دڵخۆش نیم بەڵكو زۆر نیگەران دەبم." 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن