117 هەزار ژەمە ڤاكسین لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دراوە

کوردستان

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 75

راچڵەكین-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، 117 هەزار ژەمە ڤاكسینیان لە خەڵك داوە، بەو كەسانەشەوە كە دووەم جار كوتراون.
 
د. ئاسۆ حەوێزی، رایگەیاند:"تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان 117 هەزار ژەمە ڤاكسینمان لە خەڵك داوە، بەوانەیشەوە كە دووەم جار كوتراون. رۆژانە خەڵك بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەكوترێن. ئێستازیاتر لە 180 هەزار كەس ناوی خۆیان بۆ كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا تۆماركردووە، بەوانەیشەوە كە كوتراون". وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەدا:"تاوەكو ئێستا زۆرترین كەس كە بە ڤاكسینی كۆرۆنا كوترابن لە هەولێرە، دوای ئەویش دهۆك و ئینجا سلێمانی."

 وتیشی: "رەنگە بیر لەوە بكەینەوە كە بۆ مامەڵەی فەرمانگەكان پێویست بەوە بكات كەسەكە بە ڤاكسینی كۆرۆنا كوترابێت و ئەوەیش كارێكی زۆر باشە".
 
رۆژی 2ی ئاداری 2021 یەكەم كاروانی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی كە 50 هەزار ژەم بوو، گەیشتە عیراق كە پێنج هەزاری بۆ هەرێمی كوردستان بوو. د. ئاسۆ حەوێزی وتی "رەنگە تاوەكو كۆتایی ساڵی 2021 كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا بگاتە 20%ـی دانیشتووان".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی ئاشكراكرد، ئێستا لە ئاماری تووشبوونی كۆرۆنادا ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە كە رێژەكە لە زیادبووندا بێت، ژمارەكان كەمیان كردووە، بەڵام مانای تەواوبوون نییە و بەداخەوە تووشبوویش هەیە كە دۆخی خراپە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن