وەزارەتی ناوخۆ هۆشدارییەكی توند بە پەكەكە دەدات

کوردستان

10/06/2021     ژمارەی بینراو 716

راچڵەكین –

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان،  هۆشداریی بە گروپێكی سەر بە پەكەكە دەدات بەناوی ئاشتی و ئازادی، راشیدەگەیەنێت: پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی كوردستان بە گشتی  و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە  و رێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەك و لە ژێرناوی هیچ گروپێك، ئەم سەقامگیرییە تێكبدرێت.

دەقی راگەیەندراوەكە

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار چەكدارانی پەكەكە پەلاماری ھێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیان داوە و چەندین ئەفسەر وپێشمەرگەیان شەھید و بریندار كردووە و ھەموو ھەوڵیان بۆ تێكدانی ئارامی وئاسایشی هەرێمی كوردستانە. بەداخەوە لە ڕۆژانی رابردووشدا شەش پێشمەرگەیان شەھید كرد و چەندین پێشمەرگەی تریش بریندار بوون .

چەندین ساڵە بەھۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە سەدان گوند و ئاوایی ناوچە سنووریەكان چۆلكراون و زیانێكی زۆری ماددی بەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە كەوتووە. هاوكات بەردەوام ھەوڵی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و دروستكردنی پشێوی و نا ئارامیان لە ناو هەرێم داوە ، ئەویش بە ڕێگای جۆراوجۆر لەوانە لەم ڕۆژانەدا وەك بەشێك لە پیلانەكانیان لە دژی ھەرێم و بە ھاوكاری دەستێكی ناوخۆیی، چەندین ھاووڵاتی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەوروپاییان ناردووە بۆ ناو هەرێم بۆ بە كارهێنانیان وەك ئامرازێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی ناو هەرێم لە ژێر ناوی گرووپی بەناو ئاشتی و ئازادی.

لێرەدا بە ڕای گشتی رادەگەیێنین كە پاراستنی ئارامی وسەقامگیری ناو هەرێمی كوردستان بە گشتی  و هەولێری پایتەخت هێڵی سوورە  ورێگا نادەین لە ژێر هیچ بیانوویەك و لە ژێرناوی هیچ گرووپێك ، ئەم سەقامگیریە تێك بدرێت.

داواش لەو گرووپانەی بە ناو ئاشتی وئازادی دەكەین خۆیان نەكەنە ئامرازێك بۆ تێكدانی باری ئەمنیی هەرێم. ئەگەر بە ڕاستیش نیازیان ئاشتی وئارامییە، با ڕووی قسەكانیان ئاراستەی قەندیل بكەن چونكە شەڕانگێزی و نائارامی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستە ئەو گرووپانە داوا لە پەكەكە بكەن چیتر دەست نەخاتە ناو كاروبارەكانی هەرێمی كوردستان وسنوورێك بۆ شەڕفرۆشییەكانیان و دژایەتی خەڵكی ئاشتیخوازی هەرێمی كوردستان دابنێن.

وەزارەتی ناوخۆی

حكومەتی هەرێمی كوردستان

10-6-2021

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن