بكوژی هاوڵاتییەكەی سلێمانی.. چۆن ئۆتۆمبێلى تاوانلێكراوی فرۆشتووە؟

کوردستان

12/06/2021     ژمارەی بینراو 3602

راچڵەكین-

پۆلیسی سەڵاحەدین ئاشكرای دەكات پاش ئەوەی زانیارییان پێگەیشت بەوەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەر لە پێشانگایەكی ئۆتۆمبێل بەنرخێكی زۆر هەرزان مامەڵەی پێوەكراوە، بۆیان دەركەوتووە"ئۆتۆمبێلەكە لە سلێمانی دزراوە و خاوەنەكەشی كوژراوە".

ئێوارەی پێنجشەممە 10ی ئەم مانگە، هاوڵاتییەكی شاری سلێمانی بەناوی ( عوسمان حەمەسەعید) تەمەن 61 ساڵ لەخانووی براكەیدا كەسەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی بوون، لەلایەن كرێكارێكی بەرەگەز عەرەبەوە كوژراو دواتر ئۆتۆمبێلەكەی لەلایەن تۆمەتبارەكەوە دزرا.

ئەمڕۆش ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەی راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد:" دوای تاوانەكە، تاوانباری تاوانەكە هەڵهات و ئۆتۆمۆبیلەكەی بەرەوخواروی عیراق برد، دەستبەجێ هێزەكانمان  بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 406 ) لەیاسایی سزادانی عیراقی و بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان و  بە هەماهەنگی  لەگەڵ هێزەكانی  ( بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای كەركوك + دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق +  ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغداد + قیادەی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین )،  توانیمان  ناسنامە و شوێنی دانیشتی كەسی تاوانبار بەناوی ( س , ح , ح , ت ) لەدایكبووی ساڵی 1998 تكریت , دەستنیشان بكەین , تاوانبار دەستگیر بكرێت  و دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەكەدا."

هەر ئەمڕۆ ، پۆلیسی سەڵاحەدین بڵاویكردەوە:" پاش ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت بەوەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەر لە پێشانگایەكی ئۆتۆمبێل لە تكریت بە نرخێكی زۆر هەرزان فرۆشراوە، دەستبەجێ تیمێكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی بەشی تاوانی سەڵاحەدین، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری، دژە تیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی پێكهێنراوە و پاش پەیوەندیكردن بە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم، دەركەوت لە رۆژی 11ی حوزەیران خاوەنە راستەقینەكەی لە سلێمانی كوژراوە و ئۆتۆمبێلەكەش دزراوە".

ئاماژە بەوەشكراوە،" بكوژەكە پاش ئەوەی تاوانەكەی لە سلێمانی ئەنجامداوە بەرەو تكریت هەڵهاتووە، لەوێ ئۆتۆمبێلەكەی بە دوو كەسی دیكە فرۆشتووە و پاشان بۆ پارێزگای ئەنبار هەڵهاتووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو،" پاشان پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە كراوە و شوێن پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی كەوتوون و دوای دیاریكردنی شوێنەكەی لە ئەنبار دەستگیر كراوە، ئەوانەشی كڕیویانە بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گیراوە ".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن