عومەر گوڵپی: داهات زیادی كردووە نەك كەمی كردبێت

چاوپێکەوتن

13/06/2021     ژمارەی بینراو 586


راچڵەكین-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بڕیارە سبەینێ دووشەممە وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكان بۆ قسەكردن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و داهاتی خاڵە سنوورییەكان، بێنە پەرلەمانی كوردستان.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە راچڵەكین-ی راگەیاند:"بۆ ئاگاداربوون لە هۆكارەكانی خاو بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەكان لەسەر داوای لیژنەكەمان دێنە پەرلەمانی كوردستان".

وتیشی:" بڕیارە وەزیری دارایی روونكردنەوە لەسەر مووچەی فەرمانبەران و چۆنیەتی دابەشكردنی و داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان بدات، لەگەڵ پێدانی بەرچاوڕوونی لەبارەی راپۆرتی دووەمی چاكسازییەوه".

عومەر گوڵپی ، سەبارەت  بە باسكردن لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران وتیی:" ٥٦ پەرلەمانتار یاداشتێكمان  پێشكەشكردووە بۆئەوەی  دانیشتنێكی پەرلەمان بە ئامادەبوونی حكومەت بەڕێوەبچێت، سەبارەت بە دۆخی دارایی و بەردەوامی لێبڕینی مووچە و چاوەڕوانی بەرێوەچوونی ئەو دانیشتنە  دەكەین و وامبیستووە ئەم هەفتەیە ئەو دانیشتنە بەڕێوەبچێت".

سەبارەت بە هاتنی  پرۆژە یاسای بوودجە ئاماژەی بەوەشكرد:" بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و بنەما یاساییەكان دەبێت حكومەت 15-10ی هەموو ساڵێك  پرۆژە یاسای بوودجە  بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام حكومەت ماوەی حەوت ساڵە ئەوەی نەكردووە، هەرچەندە ئەمساڵ ویستی بینێرێت، سەرەتای مانگی دوو وەزیری نەوت  وتی كۆتایی ئەم مانگە رەوانەی دەكەین، لە مانگی چواردا  جیگری سەرۆكی حكومەت هاتە پەرلەمان وتی هەفتەی داهاتوو دەینێریین، بەڵام لە مانگی 6داین تا ئێستا نەنێردراوە".

عومەر گوڵپی  باس لە هۆكاری دواكەتنەكەی دەكات و دەڵێت:" حكومەت پابەند نابێت بە سیستەمی یاسایی بۆ بەرێوەبردن، پابەند  نابێت بە پرەنسیپەكانی  بواری دەوڵەتداری و یاساكان، هەرەوەها لە دەروەی یاسا دەست  بۆ داهات و خەرجی ئەم وڵاتە دەبات و كەوتووەتە ناو زۆنگاوێكی گەورەی سەرپێچی و گەندەڵی".

سەبارەت بەوەی كە ئایا چوونی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان كێشەی دواكەوتنی مووچە و لێبڕینەكەی چارەسەردەكات وتیشی:" ئەوە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی حكومەتەوە هەیە، بەڵام ئێمە ئەركمانە حكومەت و وەزیرەكان بانگ بكەین لەسەر كەمووكورتییەكان، پرسیاریان لێبكەین، وەزیرەكانیش  ئەركیانەوە بێنە پەرلەمان و وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە، بەڵام چەند لە دۆخەكە ئەگۆرێت، ئەوە وەستاوەتە سەرئەوەی حكومەت چەند بەدەم داواكاری و خواستی خەڵكەوە دێت، كە ئیستا گەنجان هەلی كاریان دەوێت، مووچەخۆر مووچەی تەواوی دەوێت خەڵك باوردۆخی خراپە پرۆژەكان وەستاون، ئەوە وەستاوەتە سەر حكومەت چەند هەنگاو لە  بواری چاكسازی دەنێت و بە بەرپرسیارێتییەكانی هەڵدەستێت.

سەبارەت بەوەی كە ئایا مانگی داهاتوو كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەبێت وتیشی:"  بەدواداچوونم بۆ داهاتی نەوت و گومرگ و باج و رسومات كردووە هیچ تێبێنی ئەوەم نەكردووە داهات كەمبوبێتەوە بەڵكو لە هەموویاندا داهات زیاتر بووە،  بەڵام ئەوەی كێشەیە بۆ داهات خۆ فەرزكردنی دوو هێزی سیاسییە  كە لە رێگەی چەك و  نفوس و دەسەڵاتەوە وادەكەن  بەشێك لە داهات نەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی كە ئەوە هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی داهاتە، نەك لە بنەڕەتدا خۆی داهات كەمیكردبێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن