" هاوپەیمانان بەڵێنی هەموو شتێكیان پێداوین رەنگە هەر دەبابەو فڕۆكەی تێدا نەبێت"

چاوپێکەوتن

16/06/2021     ژمارەی بینراو 770

راچڵەكین-

بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە، هاوپەیمانان زۆرمان لێدەكەن بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە." دەشڵێت:"بەڵێنی هەموو شتێكیان پێداوین ئەو شتانەی بەڵێنییان پێداوین ڕەنگە هەر دەبابە و فڕۆكەی تێدا نەبێت."

مستەفا چاوڕەش، دەربارەی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئێمە خۆمان دەمێكە خەریكین، كۆبونەوەكانی هەموومان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانەكان كە هاتوون كۆبوونەیان لەگەڵدا كردووین، خۆمان بەجیا كۆبوونەوەمان كردووە ئێمە لەسەر مەسەلەی ڕێكخستنەوەی هێزەكانەوە دەمێكە هەر بەردەوامین بۆ ئەوە مەبەستەش ئێمە هیچ "ئیعتراز" و شتێكی ئەوتۆمان نییە بەڵام ئەمە ئیشی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە بەڵكو ئەمە كاتی زۆری دەوێت هەتا هاوپەیمانەكانیش دەڵێن ئەمە بەردەوامی دەوێت چونكە كە هێزەكان یەكدەگرێتەوە كۆمەڵێك موستەلزەماتی خۆی هەیە، بارەگای دەوێت و شتی زۆری دەوێت بەڵام ئێمە مەبدەئیەن لەگەڵ یەكڕیزی خەڵكی كوردستانیین و لەگەڵ یەكڕیزی هێزی پێشمەرگەین."

سەبارەت بەوەی ئایا هاوپەیمانان فشاریان لێدەكەن بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پەشمەرگە؟ مستەفا چاوڕەش دەڵێت:" فشار نییە بەڵام داوامان لێدەكەن و ڕێنماییمان دەكەن دەڵێن پێویستە ئێوە ئەوە بكەن ئێمەش پێداویستیەكانتان بۆ جێبەجێ دەكەین بێجگە لەوە فشاری تیرۆریستان و داعش كەئەگەر ئێمە یەكگرتوو نەبین ڕەنگە دوژمنەكانمان زیاتر بتوانن زەفەرمان پێ بەرن و لەو بۆشاییەی كەهەبێت ئەوان زیاتر دەتوانن فرسەت بێنن لەبەرئەوە خۆمان مەبدەئیەن پێمان چاكە كە لە داهاتوودا بتوانیین ئەوەبكەین یەكڕیزی خەڵكی كورد كۆبكاتەوە."

بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە ئەوەشی وت:" مەسەلەكە هەر یەكڕیزی هێزی پێشمەرگە نییە پێش هەموو شتێك پێویستە یەكێتی و پارتی دڵی خۆیان چاك بكەن و هەردوو مەكتەبی سیاسیەكان دابنیشن بڕیاری سیاسی لای ئەوانەوە بیدەن، شتەكان ئاسایی بكەنەوە ڕەنگە ئەم ئۆباڵە گەورەیە نەخەنەسەر هێزی پێشمەرگە كە بۆچی یەكناگرێتەوە ئەوانە هەردوو لا بەرپرسن بەرامبەر ئەوەی ساڵ و نیوێكە دانیشتن نەكراوە لەنێوان دوو حیزبدا كە هەردوولا هێزی چەكداری هەیە و هێزی هەیە لەبەرئەوە من ڕوودەكەمە هەموو لایەك ئەگەر چاكەمان كردبێت ئەگەر هەڵە هەبێت پێویستە خۆمان دابنیشین لەئاستی باڵاتردا چارەسەری بكەین كە هاتەسەر مەسەلەی هێزی پێشمەرگە ئەوا پێشمەرگە لەهەموو كەسێك دڵسۆزترە و ئامادەیە بۆ هەموو یەكخستن و تەباییەك."


مستەفا چاوڕەش ئەوەشی وت" ئاخر هەردوولا (پارتی و یەكێتی) بەو هێزانەوە دەناسرێن ئەگەر ئەو هێزەمان نەبێت كەس حسابمان بۆ ناكات لەبەرئەوە هێزی پێشمەرگە هێزی خەڵكی كوردستانە ئەگەر ئەو هێزە نەبێت عیراق و هەموو ئەوانەی كە تەماحی تێماندایە ئەوەی كەهەشە لێمان قبوڵ ناكەن لەبەرئەوە ئەو هێزە پێویستە یەكڕیز بێت تەبا بێت، وەسەركردەی سیاسی بریاری سیاسی یەكگرتوویی هەبێت، خۆ یەكگرتنەوە هی ئەمڕۆ نییە دوانزە، سیانزە، لیوا هەیە لەوەزارەتی پێشمەرگە، من خۆشمی تێدابووم لەكۆبوونەوەكاندا فەرماندەیەكەی ئێمەی هێزی پێشمەرگە 2006 و 2007 ئینجا توانیمان بەچەندین كۆبوونەوە لەلای مام جەلال و لەلای كاك مەسعود هێزەكانی خۆمان لەیەكێتی پارتی كەدانیشتین ئینجا توانیمان ئەوەبكەین."

چاوڕەش باسی لەوەكرد" هەر ئێمە28 لیوامان هەیەوەكو یەكێتی، ئەگەر ئەمەش نەبێت ناحەزەكانمان و دوژمنەكانمان ئەوەتا عیراقیش چەند ساڵە فیشەكێكی نەداوە بەهێزی پێشمەرگە و مووچەی خەڵكی كوردستان نادات لەبەرئەوە ئێمە دەبێت هەوڵبدەین یەكڕیزی بكەین ، وە من هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی خەڵكی كوردستان و یەكگرتووی هێزی پێشمەرگەم."

مستەفا چاوڕەش زیاتر وتی" بڕیار بەدەست ئێمە نییە ئێمە لەسەر و خۆمانەوە هاوسەرۆكەكان هەیە ئەوانیش لەگەڵ هاوپەیمانەكان هەنگاوی باشیان ناوە من خۆم لەكۆبوونەوەكاندا بووم لەگەڵیاندا، كاك بافڵ و كاك لاهور ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیانداوە كە هەوڵبدرێت وەكو باسمكرد لەسەرەتاوە پەلەپەلی ناوێت، وە دەبێت عەدالەتێكیش هەبێت لەهەموو ئەم ئیشانەی كە دەكرێت هیچ لایەك مەغدور نەبێت."

مستەفا چاوڕەش كە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، زیاتر وتی" با هەردوو سەكردایەتی سیاسی دابنیشن و خۆشەویستیەك دروست بكەن لە نێوان هەردوولادا و واز لەو قسە نابەجێیانە بهێنن كە لە فەیسبوك هەرلایەك بەلاكەی تری بڵێت ئەو كاتە دڵی خەڵك خۆش بكەن چونكە خەڵك ژیان و مووچە و بارودۆخی خراپە لەبەرئەوە ئەم میللەتەی ئێمە وەكو ڕابردوو دەبێت یەكڕیز و یەكگرتوو بین كە ڕاپەڕینمان كرد یەكڕیز بووین هەموو خەڵكی كوردستان لەگەڵمان بوو چەپڵەی بۆ لێدەداین بەڵام ئێستا خەڵك هەمووی گلەیمان لێدەكات لەهەردوولا (پارتی و یەكێتی)."

بەرپرسی هێزەكانی حەفتای پێشمەرگە ئاشكرایكرد هاوپەیمانان بەڵێنیان پێداون لە حاڵەتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هاوكاری پێشمەرگە بكەن، لەو ڕوەوە وتی" لەبەرئەوە من هیوادارم بتوانین شتێك بكەین بتوانیین خەڵكەكەمان دڵخۆش بكەین و وەڵامی هاوپەیمانایش بدەینەوە كە زۆرمان لێدەكەن و بەڵێنی زۆر شتیشیان پێداوین و هەندێك شتیشیان ناردووە هیوادارین ئێمەش كارێك بكەین كە بێبەش نەبین لەو شتانە، بەڵێنی هەموو شتێكیان پێداوین ڕەنگە هەر دەبابە و فڕۆكەی تێدا نەبێت ئەگەرنا چەك و ئەو پێداویستیانەی كە بۆ پێشمەرگە پێویستن داویشیانە خۆمان بینیومانن لەڕۆژانی پێشوودا بای سێ ملیۆن دۆلار پێویستی و چەكیان هێناوە و داویانە بەهێزی پێشمەرگەی ئەو لیوایانەی كەلەژێر چەتری وەزارەتدایە."

ئایا پارتی و یەكێتی زیان دەكەن بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە؟ لە وەڵامدا مستەفا چاو ڕەش دەڵێت" پێموانییە شتێكی ئاسان بێت، وە لە قازانجی هەموو خەڵكی كوردستاندایە ئەگەر ئەو هێزە هێزێك بێت لەوەزارەت بێت هی هەموو خەڵك بێت و بەعەدالەت بێت و جیاوازی نەكرێت هیچ عەیبی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر دوو هێزی سەرەكی پارتی و یەكێتی ئەگەر سەركردایەتیە سیاسیەكە بەرنامەی باشی نەبێت بۆ ئەو مەسەلەیە هێزی پێشمەرگەی "قوڕ بەسەر" ئەوكاتە هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە و لەكاتی ناڕەحەتیدا هەركەسەو دەچێتەوە لای حیزبەكەی خۆی لەبەرئەوە با دڵی خۆمان چاك بكەین ئەوسا ئەوی تر ئاسانە."

بەرپرسی هێزەكانی حەفتا وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە كە هەندێك پێیان وایە بابەتی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نمایشە بۆ بەرچاوی هاوپەیمانان بەتایبەت بۆ بابەتی خەرجكردنی موچەی ئەو هێزانەیە؟

وەڵامەكەی مستەفا چاوڕەش بەمجۆرە بوو "جا خۆ یەكەم مووچە لای ئێمە نییە، دووەم هیچ نمایشی ناوێت ئەوە لە قازانجی خەڵكە، نەعلەت لەو كەسەی یەكڕیزی خەڵكی كوردستانی ناوێت و یەكڕیزی هێزی پێشمەرگەی ناوێت، ئازارەكان هەمووی لای ئێمەیە و هەموو قۆناغە ناخۆشەكانمان تێپەڕكردووە بەرامبەر یەكتر جۆرەها شتی ناخۆشمان كردووە فەرموو ئەوە عەرز و ئەوە گەز با یەكبگرین با ڕێكی بخەین با چاكی بكەین لەبەرئەوە من لەو شوێنەی كەئیشی تێدا دەكەم، ڕۆژێك لە ڕۆژان بیر لەوەناكەمەوە تەماشا بكەین بارودۆخی كوردستان وایلێهاتووە هەموو وڵاتەكان ڕم بازێنی تێدا دەكەن بەكەیفی خۆیان دێنە وڵاتی ئێمە، ئەگەر خۆمان بەرنامەیەكی باشمان نەبێت، ئەگەر خۆمان بەهێز بین كەس ناتوانێت بێت لەوڵاتەكەماندا بەكەیفی خۆی خەڵك بكوژێت و پەلاماری خەڵك بدات."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن