چۆن کەمیی ڤیتامین D چارەسەر دەکرێت؟

تەندروستی

27/06/2021     ژمارەی بینراو 2010

چۆن کەمیی ڤیتامین D چارەسەر دەکرێت؟

ڕاچڵه‌كین-

کاتێک تیشکی‌ خۆر بەر چەوریی نێو خانەکانی‌ پێست دەکەوێت، ڤیتامین D دروست دەبێت، ئەمە کاریگەرترین ڕێگەی‌ دروست بوونی‌ ئەو ڤیتامینەیە، بە جۆرێک نزیکەی‌ 90%ی‌ تەنها لەو ڕێیەوە بەرهەم دێت، هەر بۆیە پێی‌ دەوترێت (ڤیتامینی‌ خۆرەتاو-Sunshine vitamin). بەم شێوەیە ئەوەی‌ ڕۆژانە بایی پێویست تیشکی‌ خۆری‌ بەر نەکەوێت، تووشی کەمیی ڤیتامین D دەبێت و لە حاڵەتی‌ تووشبوونیشیدا بەئاسانی‌ چاک نابێتەوە، دكتۆر زانا پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی له‌م بابه‌ته‌دا هه‌نگاوه‌كانی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ له‌م بابه‌ته‌دا ده‌خاته‌ ڕوو.

1-  خۆ دانە بەر خۆر: 
تیشکی‌ خۆر چەند بەتین بێت، ئەوەندە زیاتر ڤیتامینەکە دروست دەبێت، بۆیە نێوانی‌ 10ی‌ بەیانی‌ بۆ 3ی‌ عەسر باشترین کاتە، بەڵام لەبەرئەوەی‌ تیشکی‌ خۆر لای‌ ئێمە لەو ماوەیەدا زۆر بەتینە و زیان بە پێست دەگەیەنێت، دەکرێت بوترێت لای‌ ئێمە و لە مانگە گەرمەکاندا، باشترین کات لە بەیانیاندا دەوری‌ کاتژمێر 10 و دوای‌ نیوەڕوانیش دەوری 3ی‌ عەسرانە. دەبێت ماوەی‌ خۆ دانە بەر خۆریش ڕۆژانە 20-30 خولەک بخایەنێت. ئەوانەی‌ ڕەنگی‌ پێستیان تۆخە یان بەتەمەنن، پێویستیان بە ماوەی‌ زیاتر هەیە.

وا باشە سێیەکی‌ لەش بدرێتە بەر خۆر، بەتایبەت سک و ڕانەکان. ئینجا جامیش سوودەکەی‌ تیشکی‌ خۆر ناهێڵێت. بۆیە لە کۆمەڵگەیەکی‌ موحافیزکاری‌ وەک هی ئێمە، دەکرێت خەڵکی‌ لە ژوورەوە و لە شوێنێکدا کە لە دەرەوە دیار نەبن، پەنجەرە بکەنەوە و ئەو شوێنانانەی‌ جەستەیان بدەنە بەر خۆر.

2-خۆراک:
بەشێوەی‌ ئاسایی بە بڕی زۆر کەم لە خۆراکدا هەیە، ئەویش لە ماسی و گۆشت و هێلکە، بۆیە بە شێوەی‌ زیاد کردن تێکەڵی‌ خۆراکەکانی‌ وەک ماسیی قوتوو، شیر، ماست، پەنیر و شەربەتی‌ پرتەقاڵ دەکرێت.

بەهۆی‌ ئەوەی‌ ڤیتامین D تەنها لە چەوریدا دەتوێتەوە، وا باشە لە ماوەی‌ وەرگرتنی‌ چارەسەریدا خواردنی‌ چەورییش زیاد بکرێت. خواردنی‌ ڕۆژانەی‌ کەوچک و نیوێک زەیتی‌ زەیتوون بەتایبەت لە کاتەکانی‌ نزیک لە وەرگرتنی‌ حەبەکە، سوودی‌ زۆرە.

هەر وەک گەورەترین کێشەش کە لە کەمیی ڤیتامین D دەکەوێتەوە ئەوەیە کە کالسیۆم لە لەش کەم دەکات، بۆیە خواردنی‌ شیرەمەنییەکان و بەتایبەت خواردنەوەی‌ ڕۆژانەی‌ هیچ نەبێت پەرداخێک شیر پێویستە.

3-داوو دەرمان:
باشترین بژاردە خواردنی‌ حەبی 50 هەزارییە حەفتەی‌ جارێک و لە هەمان ڕۆژی حەفتەدا، بۆ ماوەی‌ 2-3 مانگ. وا باشە ئەو بڕەی‌ لە ڕۆژێکدا وەردەگیرێت، لە 4 هەزار زیاتر نەبێت، بە هیچ شێوەیەکیش نەگاتە 10 هەزار، تەنها لەوانەدا نەبێت کە کێشەی‌ درێژخایەنی‌ جگەر و هەرسیان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن