مێسی سەركردایەتی سەركەوتنی هەڵبژاردەی تانگۆی كرد

وەرزش

04/07/2021     ژمارەی بینراو 317

راچڵەكین-

هەڵبژاردەی تانگۆ، بەسەركردایەتی لیۆنێل مێسی، سەركەوتنێكی گرنگی بەسەر هاوتا ئیكوادۆریەكەیدا بەدەستهێناو گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی كۆپا ئەمریكا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتی كۆپا ئەمریكادا، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیكوادۆر لەسەر یاریگەی مانێ گارینچا لە ریو دی جانیرۆ رووبەڕووی یەكدی بوونەوە و كوڕانی تانگۆ بە رابەرایەتی لیۆنێل میسی 3 - 0 سەركەوتنیان بەدەستهێنا و بلیتێكی قۆناخی پێشكۆتاییان وەرگرت.

گۆڵی یەكەمی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەخولەكی 40 گێمی یەكەمدا لەلایەن دی پاول دوای ئاسیستێكی مێسی تۆماركرا، لەخولەكی 84 یاریەكەدا جارێكی تر بە ئاسیستی مێسی، لاوتارۆ مارتینێز گۆڵی دووەمی تۆماركرد، لە خولەكی 3ی كاتی زیادكراوی یاریەكەدا، جارێكی تر لیۆنێل مێسی پاڵەوانی یاریەكە بەلێدانێكی راستەوخۆ، هەڵبژاردەی تانگۆی كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم و یاریەكەش بەو ئەنجامە كۆتایی هات.  

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی پێشكۆتاییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی كۆلۆمبیا دەبێتەوە، كە ئەویش بە لێدانەكانی یەكلاكەرەوە لە ئۆرۆگوای بردووەتەوە.

هەروەها یاریی دووەمی پێشكۆتاییش لە نێوان بەرازیل و پێرو دەبێت و براوەكانی ئەو دوو یارییە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگەی ماراكانای بەنێوبانگ یاریی كۆتایی كۆپا ئەمریكای 2021 ئەنجام دەدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن