خێزانێک ١٠ ساڵە بەدوای منداڵە تەمەن دوو ساڵە ونبووەکەیاندا دەگەڕێن

ڕاپۆرت

20/07/2021     ژمارەی بینراو 854

 راچڵەکین- AA

کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠١١، ئایە جەلیل-ی تەمەن دوو ساڵ و شەش مانگ لەبەر دەرگای خۆیان ون دەبێت و پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر ونبوونیدا ھیچ سۆراخێکی نییە.



ئەمڕۆ دە جەژنی قوربان بەسەر ونبوونی ئایە جەلیل تێپەڕدەبێت و کەسوکارەکەی بەگریان و خەمباری دووری ئایەی کچە گەورەیان جەژنێکی پڕ خەمیان بەڕێ کرد.

دە ساڵ بەسەر ونبوونی ئایە جەلیل تێپەڕدەبێت کە خێزانەکەی دانیشتووی قەزای خورماتوو سەر بە پارێزگای کەرکووکن و لەیادی ونبوونی کچەکەیشیاندا خەمباری و بێ تاقەتی باڵی بەسەر تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیدا کێشاوە.



دایک و باوکی ئایە جلوبەرگ و یارییەکانی ئایەی کچیان ھێناوە و بەسەریدا دەگرین و دەڵێن ئەوەی لەپاش خۆی وەک یادگاری لەم ماڵەدا ماوەتەوە ئەم یاری و جلوبەرگانەیە.

کەوسەر جەوھەر دایکی ئایە دەڵێت: "ھەموو جلوبەرگ و یارییەکانی ئایەم ھەڵگرتووە کە گەڕایەوە پێی دەدەمەوە".

دایکی ئایە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە چیرۆکی ونبوونی ئایە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "دەساڵ بەرلە ئێستا و لەکاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی ساڵی ٢٠١١ جلی جەژنمان لەبەر ئایە کرد و رازاندمانەوە و لەگەڵ ھاوڕێی و ھاوتەمەنەکانی لەپێش دەرگای ماڵی خۆمان یاری دەکرد و لەناکاو دیار نەماو ونبوو. یەکسەر پەیوەندیمان بەباوکییەوە کرد و دەستمان بەگەڕان بەدوایدا کرد و دە ساڵە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین و ھیچ ئەنجامێکیشی نییە و ھیچ کەس سۆراخی ئایە نازانێ".

دایکی ئایە وتیشی: "ونبوونی ئایە لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربانبوو بۆیە لەگەڵ ھاتنی جەژنی قوربان من بێ تاقەت و دڵتەنگەبم و ئەو ساتەم دەکەوێتە بیر کە بەجلوبەرگی جەژنەوە ئایەیان لەپێش ماڵی خۆمان برد و تائەم ساتەیش تامەزرۆی بینینێکی ئایەگیانم و لەھیچ شوێنێک نییە. بەھۆی بێ تاقەتیمەوە نەمتوانی و دڵم نەھات جلوبەرگی جەژن بۆ منداڵەکانی ترمان بکەم لەکاتێکدا ئایە دور لەئێمە جەژن دەکات".

کەوسەر دەڵێت، "ھەموو بەیانییەکی جەژنی قوربان جلوبەرگ و یارییەکان ئایە دەردەھێنم و لەباوەشیان دەکەم، ماچیان دەکەم و بەسەریدا دەگریم چونکە ئەو کەرەستە و یاری و جلوبەرگیانە تاکە یادگاری ئایەن و ھەموویان دەپارێزم تاکوو ئایە دێتەوە و پێی دەدەمەوە".

ئەم رۆژە ئەندامانی خێزانەکە بەگریان و خەمباری بەڕێ دەکەن و ھەمووان لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی ئایەن بەڵام تا ئەم ساتە ئایە ھیچ سۆراخێکی نیە.

باوکی ئایە خاوەنی سێ خێزانە و بەئامانجی بوونی منداڵێک سێ جار ھاوسەرگیری کردووە و لەسێھەم خێزانیشیدا ئایە لەدایک دەبێت، بەڵام لەدووساڵ و شەش مانگی تەمەنیدا ئایە بەر ئەو چارەنووسە نادیارە کەوتووە.


جەلیل وەلی باوکی ئایە کە دەساڵی تەمەنی بۆ گەڕان بەدوای کچەکەیدا تەرخان کردووە  دەڵێت: "ئەوکاتەی من سەرقاڵی سەردانی ماڵی خزم و دراوسێکان بووم، پەیوەندییان پێوە کردم و پێیان گوتم کە ئایە ونبووە، منیش بەپەلە گەڕامەوە و دەستمکرد بەگەڕان بەدوای ئایەدا و ئەوە ئێستا دە جەژن بەسەر ونبوونی تێپەڕ دەبێت و من ھەر دەگەڕێم و ھەر ئایەم نەدۆزیوەتەوە".

باوکی ئایە وتیشی: "لەپێش دەرگای ماڵی خۆمان ئایەیان لێمان سەند و نەیانھێشت جەژنمان لەگەڵ بکات و ھەموو جەژنێکیشیان لێ کردین بەپرسە و گریان و برین و مەگەر گەڕانەوەی ئایە ئەو برینەی دڵمان ساڕێژ بکات".

جەلیل وەلی بە گلەییەوە باس لەوەش دەکات کە بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایش لە دۆزینەوەی سۆرخی ئایە سەرکەوتوو نەبوون و دەڵێت، "لە یەکەم ساتەوە هێزە ئەمنییەکان ئاگادار کراونەتەوە بەڵام بە داخەوە ئەوانیش نەیانتوانیوە سەرەداوێکی ئایەمان بۆ بدۆزنەوە".

حەسرەتی ئەم خێزانە نەبوونی ھیچ دەنگۆیەکە لەسەر ئایەی کچیان و سەرجەم شارەکانی عیراق و بەشێک لەوڵاتانی دراوسێی عیراقیان بۆ گەڕان بەدوای ئایەدا کردوە، بەڵام تا ئەم ساتە ھیچ دەنگۆیەک لەسەر ژیانی نییە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن