ژمارەی قوربانیانی لافاوەکەی ئەڵمانیا بۆ ١٧١ کەس بەرزبووەوە

جیهان

21/07/2021     ژمارەی بینراو 187

راچڵەکین-

لە ئەڵمانیا و لە هەرێمەکانی گاینلاند- پفاڵز، نۆرد-هاین-ڤێستفالن و باڤاریا، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لافاو روویدا و تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە لافاوەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە ١٧١ کەس.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی "DPA"ی ئەڵمانی لە پۆلیسی وەرگرتووە، لە هەرێمی گاینلاند- پفاڵز ژمارەی قوربانیانی لافاوەکە گەیشتوەتە ١٢٢ کەس.

لە لایەکی دیکەشەوە و لە ویلایەتی نۆرد-هاین-ڤێستفالن ژمارەی قوربانیانی لافاوەکە بۆ ٤٨ کەس بەرزبووەتەوە.

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شاری کۆلن-ی سەر بەو هەرێمەش ئەوەی ئاشکرا کردووە کە تەرمی کەسێکیان دۆزیوەتەوە بەڵام هێشتا ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە.

هەروەها تواندراوە لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە زیاتر لە ٨٥٠ کەسەوە بکرێت کە پێشتر بێسەروشوێن بوون، تا ئێستاش لە شاری بۆن گەڕان بەدوای ١٤ کەس و لە شاری ئۆیسکیرشەن گەڕان بەدوای دوو کەس، بەردەوامە.

لە هەرێمی باڤاریاش تەرمی کەسێکی دیکە دۆزرایەوە و بەم شێوەیە کۆی گشتی ئەو تەرمانەی لە دوای لافاوەکە دۆزراونەتەوە گەیشتوەتە ١٧١ تەرم.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن