راچڵەكین –
بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە كەمپی ئاوارەكانی ئاشتی لە عەربەت، منداڵێك گیانی لەدەستداو زیانێكی زۆری ماددیشی لێكەوتەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22-7-2021، ئاگر لە كەمپی ئاشتی لە ناحیەی عەربەت-ی سەر بە شاری سلێمانی كەوتەوەو بەوتەی بەڕێوەبەری كەمپەكە، ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە رویداوەو جگە لە سوتانی چەندین خێمەی ئاوارەكان، منداڵێكیش گیانی لەدەستدا.
پەخشان تۆفیق بەڕێوەبەری كەمپەكە راشیگەیاندووە، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە دەكەین.
هاوكات، سامر مەشكور بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی، ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی ئاگرەكەدا، جگە لە گیانلەدەستدانی منداڵێك، حەوت خێمەی ئاوارەكانیش سووتاون و زیانێكی گەورەی لێكەوتووەتەوە.
كەمپی ئاوارەكانی ئاشتی لە عەربەت، زیاتر لە هەزارو 860 خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە، كە زۆربەیان خەڵكی پارێزگاكانی سەڵاحەدین، نەینەواو دیالە-ن، لەماوەی رابردووشدا سەدان خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی ئەو كەمپە، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.