راچڵەكین-
دوو خوشك لەرۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی ئەوەی براكەیان كەلەوڵاتی نەرویج دەژی و لەرۆژنامەكانی ئەو وڵاتە بابەت بڵاودەكاتەوە، لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە ئەشكەنجە دراون و داوایانلێكراوە براكەیان رازی بكەن واز لەچالاكییەكانی بهێنێت. وەك رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردووەتەوە.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە:" لە رۆژانی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دوو خوشكیان بەناوەكانی "هاجەر ئەرسزادە" تەمەن ٤١ ساڵ و " كولسووم ئەرسزادە" تەمەن ٣٨ ساڵیان بانگ كرد و ماوەی هەشت كاتژمێر لێكۆڵینەوەیان لێ كردن و ئازار و ئەشكەنجەیان داون."
"بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەرسزادە، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام ئەو دوو خوشكەیان بانگ كردووە و داوایان لێ كردوون كە گوشار بێنن بۆ براكەیان كە لە وڵاتی نەرویج ڕۆژنامەنووسە، واز لە چالاكییەكانی بهێنێت."
هەنگاوە بڵاویكردووەتەوە:" دوایین جارێ كە ئەو دوو خوشكە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ كراون داوایان لێ كراوە تا نووسراوەیەك واژۆ بكەن، ئەوانیش لەو كارە خۆیان بواردووە و بەو هۆیەوە كەوتوونەتە ژێر ئازار و ئەشكەنجەی ئیتلاعات بە شێوەیەك كە باسك و دەستی هاجەر تووشی برینی قورس بووە."
سنار ئەرسزادە تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵكی شنۆ، ساڵی ٢٧١١ (٢٠١١) وەك پەنابەر چۆتەوە وڵاتی نەرویج و لە رۆژنامەكانی Friheten, Radikal portal و Utrop چالاكی هەیە و رووداوەكانی كوردستان لەم رۆژنامانە رووماڵ ئەكات. ناوبراو هەروەها ساڵی ٢٠١٥ یەكەمین كتێبی خۆی بە ناوی "هەتاوی تاریك لە سەر ئاسمانی كۆڵانە تەنگەكان" بڵاو كردۆتەوە.