بەرهەم ساڵح و کازمی: هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت

عێراق

31/07/2021     ژمارەی بینراو 863

راچڵەکین-

سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عیراق جەختییان لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عیراق بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ شەممە 31 ی تەمموزی 2021 لەکۆشکی سەلام بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عیراق لەبەغدا پێشوازیکرد مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراق.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لەدیدارەکەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵات گفتوگۆ کراوە ھاوکات سەرۆکوەزیران کورتەباسێکی لەبارەی ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی بۆ سەرۆک کۆمار باسکرد.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عیراق، ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا و ھەواڵەکانی سەرۆکوەزیران و شاندی حکومەتی لەو بوارەدا بەرزنرخاند، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لە یەکخستنی ھەواڵەکانی هێزە نیشتمانییەکانی کرد لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عیراق و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و دووپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، ھەروەھا دابینکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەقۆناغە جیاجیاکانیدا بەرێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ و ھێنانەدی خواستی راستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک.

بڕیارە رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن