"نەخۆشخانەیەك لەهەولێر كەبۆ منداڵان دروستكراوە دەكرێت بەنەخۆشخانەی ئەهلی"

کوردستان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 222

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتداران ئامادەنین ئەو نەخۆشخانە بگێڕنەوە كە كۆمپانیایەكی نەوت  بە ٤٠ ملیۆن دۆلار دروستی كرد بۆ منداڵانی ھەولێر، ئێستا كراوە بە نەخۆشخانەی ئەھلی.

عەلی حەمەساڵح لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمپانیای ئۆرێكس پێترۆلیۆمە كە هی ساڵی ۲٠۱٤ە، زیاتر لە (٤٠) ملیۆن دۆلاریان داوەتە نەخۆشخانەی مناڵانی كوردستان، بەڵام ئەم نەخۆشخانە براو كرایە ئەھلی.

وەك عەلی حەمەساڵح بڵاویكردووەتەوە، لە ڕاپۆرتی كۆمپانیاكەدا ھاتوە: 
نەخۆشخانەی منداڵانی كوردستان گەورەترین پرۆژەی كۆمپانیاكەمانە كە دەكەوێتە دەوروبەری هەولێر و پێكدێت لە بینایەكی سەرەكی و دوو بینای لاوەكی، نەخۆشخانەكە دەتوانێت چارەسەری پزیشكی و نەشتەرگەری بگەیەنێت بە ژمارەیەكی زۆری دایكان و منداڵان بەو پێیەی 120 قەرەوێڵە و كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئۆكسجین و خەزێنەیەكی گەورەی تێدایە.

لە 2013 كۆمپانیاكەمان بڕی 40 ملیۆن دۆلار هاوكاری بۆ نەخۆشخانەكە تەرخان كرد و كۆمپانیا چاودێری كارەكانی نەخۆشخانەكە دەكات لە ساتی دەستپێكردن بە دروستكردنی تا ئەو كاتەی یەكەم نەخۆش وەردەگرێت كە بڕیارە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2015دا بێت. 

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"ئێستا ئەم نەخۆشخانە بەناوی Sante Life hospital  لە كاركردندایە، تیمیێكی لە پزیشك و كارمەندی توركی سەرپەرشتی دەكات و دراوەتە كەرتی تایبەت، تەنانەت بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتیەكانیش گرانترین نرخی ھەیە. "

عەلی حەمەساڵح دەڵێت:" لەمانگی (٨) ی پار ساڵەوە بەڕێككاری یاسایی و پێڕەوی بەدواداچون دەكەین، دۆسیەكەمان ناردە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی لێكۆڵینەوە دروستبوو، ناردمانە داواكاری گشتی و بەدواداچون كرا، بەداخەوە ھیچ نیەتێك بۆ گەڕاندنەوەی ئەم نەخۆشخانە نیەو لە داواكاری گشتیش بەدوایداچوم! بەداخەوە بە داواكاری گشتی وتراوە: ئەم نەخۆشخانە ھەرگیز ھی حكومەت نەبوە! "

 ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لەكۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت:"ئەركی ئەنجومەنی وەزیرانە ئەم نەخۆشخانە بگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن