باندێک لەسەر هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە هەولێر دەستگیرکران

کوردستان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 238

راچڵەکین-

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە و بانگەشەی فۆرشتنی دۆلاری لیبیان بە نرخی هەرزانتر کردووە و پاشان بە زەبری چەک پارەکەیان لە کڕیارەکان وەرگرتووە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رۆژنامەنووسانی راگیەاند:"دوای ئەوەی چەند سکاڵایەک لەلایەن هاووڵاتییانی شاری هەولێرەوە لەسەر چەند باندێک تۆمارکرا، کە کاریان لێسەندنی پارە بووە بە شێوازی رێگری. دوای  مانگێک بەدواداچوونێکی ورد بۆ ئەو کەسانە کە بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ هەڵدەستان بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، توانرا دەستگیر بکرێن".

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت:" باندەکە لە 3 کەس پێکهاتوون، کاریان خستنەڕووی دۆلاری لیبی بووە لە بەرامبەر بڕێک پارە لەڕێگەی پەیج و ئەکاونتەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای ئەوەی کڕیارەکانیان بانگهێشتی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری کردووە، بە هێزی چەک پارەکانیان لێسەندوون".
 
هۆگر عەزیز دەشڵێت:" ئەو باندە چەند جارێک ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، تاوەکو ئێستا دانیان بە 4 تاواندا داناوە، جگە لەوەش کارێکی دیکەیان خستنەڕووی ئۆتۆمبێل بووە لە پەیجەکان بە کەمتر لە نرخی خۆی، کاتێکیش کڕیارەکە چووە ئۆتۆمبێلەکە بکڕێت، بردوویانە شوێنێک و بە زەبری چەک پارەکەیان لێ سەندووە و لەویش کەسەکەیان جێهێشتووە، تاوەکو ئێستاش دانیان ناوە بەوەی 30 هەزار دۆلاری ئەمریکیان لە خەڵک سەندووە لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێل."
 
وتیشی:" ئێستا ئەو کەسانە بە بەپێی ماددە 442 لە یاسای سزادانی عیراقی بەندن، داوا دەکەین ماددەکانیان سووک نەکرێت و پاش ماوەیەک ئازاد بکرێن، چونکە ئەندام هەیە لەنێو ئەو باندە پێشینەی تاوانی هەبووە و سێ جاری دیکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەڵام ماددەکەی سووککراوەو ئازاد کراوە".
 
" تاوەکو ئێستا ئەمە چوارەمین باندە لەسەر هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی بە دۆلاری لیبی دەستگیر دەکرێن، پێویستە هاووڵاتییان لەڕێگەی پەیج و ئەکاونتەکانەوە هەڵنەخەڵەتێن و دۆلاری لیبی بە هیچ شێوەیەک لە کوردستان بوونی نییە، تاوەکو ئێستا یەک دۆلاری نەبیندراوە" هۆگر عەزیز وادەڵێت.
 
پۆلیسی هەولێر داوایەک لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت:" ئەوانەی کە فێڵیان لێکراوە یاخود پارەیان لێسەندراوە، ئەگەر شێوە و رووخساری کەسەکان دەناسنەوە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بۆ ئەوەی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بکەن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن