راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، كارەبای گوندی (بێستانسوور) لەشارەزوور كەمدەكاتەوە بەهۆی رێگری دانیشتووانەكەی لەبەستنی پێوەری زیرەك.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، لەروونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە:" پرۆژەی ئاوی گوندی پێستانسوور كە ئاوی بەشێك لە قەزای شارەزوور و ناحیەی عەربەت دابین دەكات، ماوەی چەند ساڵێكە كارەبای بەردەوامیان هەیە، بەڵام كاتێك هەفتەی رابردوو ستافی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا چوونەتە سنورەكە دا، دانیشتوانی گوندی (بێستانسور) رێگریان كردوە لەبەستنی پێوەری زیرەك، كە پرۆژەیەكی گرنگی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و دەبێت بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا لەسەرتاسەری كوردستان دابنرێت، ئەوان رێگریان كردوە، بۆئەوەی بەئارەزووی خۆیان بەبێ (پێوەر) كارەبا بەكاربهێنن.
لەبەشێكی تری روونكردنەوەكەدا هاتووە:" لە ئێستادا بەرنامەی كارەباكەیان كراوە بە 18 كاتژمێر، شەش كاتژمێر كەمكراوەتەوە، لە كاتێكدا لە ناوشاری سلێمانی 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبا هەیە، ئەو بەرنامەیەش لەسەر داوای (فەرمانگەی ئاوی) سنورەكە دانراوە، ئەو بەرنامەیەش كاریگەری لەسەر دابەشكردنی ئاو لەسنورەكە نابێت، و ئەو دانیشتوانی گوندەكەن، رێگرن لە دابەشكردنی ئاو، بۆیە تا ئیدارەی سنورەكە ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن و پێوەری زیرەك بۆ گوندە دەبەسرێت، بەرنامەی كارەباكەیان بەو شێوەیە دەبێت."