نرخی بەنزین بەرزتر دەبێتەوە

چاوپێکەوتن

18/08/2021     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین-

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت،  لەڕێی لیژنەی سوتەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاوه پێی ڕاگەیەندراوە نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بۆ نزیكەی هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.

بەرزان شێخ محەمەد، لەبارەی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لەشاری سلێمانی بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:""بەرزبونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بە دوو هۆكاری هەیە، هۆكارێكی لە دەسەڵاتی كەسدا نییە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار كە هۆكارێك بووە بۆ بەرزبوونەوەی، دووەمیشیان ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان پشتمان بە ئێران بەستووە بەهێنانی بەنزین لەوێوە ئەو بەنزینە گرانە، هۆكاری ناوخۆیش ئەوەیە كە بەنزین لێرە قۆرخكراوە بۆ دوو كۆمپانیا بە ئارەزووی خۆیان نرخێك دادەنێن سەرەڕای ئەوەش حكومەتی هەرێم جۆرەها باجی خستۆتەسەر كە دێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە بۆنمونە بۆ یەك تانكەر هەزار و 200 لیتر جاران 25 دۆلار بوو بەڵام ئێستا 75 دۆلارە، 100 دۆلاریش لەڕێگەی كۆمپانیاكەوە دەیدەن كۆمپانیای دڵنیایی جۆرەها كۆمپانیایان دروستكردووە لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە حكومەت نەیتوانیووە بڕیارێك بدات كە ئەو بەنزینەی دەفرۆشێت بەنزینخانەكان نەتوانن بەئارەزووی خۆیان نرخی بكەنە سەر."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی بەنزین لە سلێمانی گرانترە بە بەراورد بەشارەكانی تری هەرێمی كوردستان؟ لە وەڵامدا بەرزان شێخ محەمەد ئەوەی خستەڕوو:" ئەو بەنزینەی كە دێت دێتە ناو ساحەی بەنزینەوە لەوێ هەیە 25 دینار وەردەگرێت هەیە 100 دینار وەردەگرێت تاڕادەیەك لە سلێمانی كۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە نەكراوە بەئارەزووی خۆیان یەك دوو بازرگانن و خۆیان دەیفرۆشن."

دەربارەی ئەوەی وەك ئەنجومەنی پارێزگا چیتان كردووە لەسەر گرانبونی نرخی بەنزین؟ وەڵامەكەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەمجۆرەبوو" ئێمە وەكو ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەرەتاوە كە بەنزین نرخەكەی چووە 500 دینار حكومەتی خۆجیمان هۆشیار كردەوە لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا ڕێككەوتین كە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون دابنێین بەڵام لەوەدەچێت ئەو دەسەڵاتەی كە بەنزینی بەدەستە گەورەتر بێت لە حكومەتی خۆجێی، ئەوان یاریەكەی پێدەكەن."

بەرزان شێخ محەمەد دەربارەی ئەو دەسەڵاتە ڕونیكردەوە:" ئەو دەسەڵاتە لەدەرەوەی حكومەتە لە هەرێمی كوردستان هەمیشە دەسەڵاتێك هەیە بەرزترە لە حكومەت، دەسەڵاتی حیزبەكانە،ئەو كۆمپانیایانەی كەهەن دەسەڵاتی بەنزین هێنانیان هەیە كەسانی حیزبی لە پشتیانەوەن ئەوان بەرگری لێدەكەن."

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەتیكردەوە هیچ چاكسازییەك لە مەرزەكان كرابێت، لەو ڕووەوە وتی:" من نازانم لەوانەیە چاكسازییان لەناو حیزبدا كردبێت بەڵام چاكسازی لە حكومەتدا نەكراوە و هیچ لە مەسەلەكە نەگۆڕاوە سەبارەت بە مەرزەكان، هیچ نابینیین كە گۆڕا بێت، ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان كردبێت هیچ شتێكم نەبینیووە نرخی دابەزێت كە بوترێت ئەمە كاتی خۆی لەبەرئەوەی قاچاخچێتی پێكراوە براوەتە باشور و ناوەڕاست و ئێستا بابەتەكە لە هەرێمی كوردستاندایە و نرخەكەی دابەزیووە هیچ بابەتێك نەبووە نەك هەر بابەتی سوتەمەنی واتە ڕۆژ بەڕۆژ نرخ لە هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی لە بەرزبوونەوەدایە."

بەرزان شێخ محەمەد دەشڵێت" ئێمە وەكو ئەنجوومەنی پارێزگا پشتگیری هەموو شتێكی چاكەین بەڵام ئەوانەی كە ئەوان دەیكەن تەنها لە چوارچێوەی یەكێتی نیشتیمانیدایە بابەتی حیزبیە،لەڕێی لیژنەی سوتەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاوە پێم ڕاگەیەنراوە كە نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بۆ نزیكەی هەزار دینار بەرزدەبێتەوە."

بەرزان شێخ محەمەد ئەوەشی وت:" لە هەرێمی كوردستاندا، حیزب دەسەڵاتە، حكومەت دەسەڵات نییە، ئەو حیزبانەی كە حكومەتی هەرێمیان پێكهێناوە بەداخەوە، وابڕیاربوو كە پەیڕەوێك دابنێن بۆ لامەركەزیەت بەڵام ئێستا ئێمە دەیبیستین لە وەزارەتەكان دەسەڵات شۆڕدەكاتەوە كە پەیوەندی بە لامەركەزییەتەوە نییە واتە سیستەمێكە لەڕواڵەتەدا پەیوەندی بە دابەزینی دەسەڵات بۆ خوارەوەیە بەڵام لەڕاستیدا لامەركەزی نییە، لامەركەزی بریتییە لە هاوبەشی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتە خۆجێیەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان دەگرێتەوە."

بەڵام حیزبەكەی تۆ (بزوتنەوەی گۆڕان) لە حكومەتدا بەشدارە، وەڵامەكەی بەرزان شێخ محەمەد بەمجۆرەبوو:" بەڵی حیزبەكەی من بەڕێژەی لە 12% لەو حكومەتەدایە لەوبەركەوتەیە تائێستا وەكو ئێمە كە نوێنەرایەتی حیزبەكە دەكەین لە ئەنجوومەنی پارێزگا، وەكو حیزبەكەمان تەواو باوەڕی بە لامەركەزیەت هەیە بەڵام لامەركەزیەت بابەتێكە دەبێت یاسای خۆی بۆ ئامادە بكرێت، ئێمە هەتا ئێستا بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین و خەریكی هەموواركردنەوەی ئەو یاسایەین لای خۆمان بۆئەوەی لەڕێگەی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو پرۆژەیە پێشكەش بكەین، ئێمە باوەڕی تەواومان بە لامەركەزی هەیە و بەردەوامیشین بەڵام كاتی خۆشی ئێمە بە ڕێككەوتی سیاسی و كارگێڕی چوینەتە حكومەتەوە كە حكومەت چاكسازی بكات."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن