گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان: غالب محەمەد دەدەینە دادگا

کوردستان

20/08/2021     ژمارەی بینراو 288

راچڵەکین-  

گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:"ماوەیەکە غالب محەمەد بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵمان و چەند شتێک باس دەکات کەهیچ بنەمایەکی نییە، بۆیە پێویستە لە دادگا وەڵام بداتەوە و ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت".    

ئەمڕۆ هەینی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:"ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات هیچ بنەمایەکی نییە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە."
 
رۆژی پێنجشەممە ١٩-٨-٢٠٢١، غالب محەمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە "كۆمپانیای قەیوان ماددەی نەفتای لە حكومەتی عیراق بە داشكاندنی ١٢٠ دۆلار لە هەر تەنێك وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەرەوەی وڵات ببرێت، بەڵام  كۆمپانیای قەیوان دێت بە ماددەی چاككەرەوە و تێكەڵكردنی لەگەڵ بەنزین دواتر وەك بەنزین بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دەفرۆشێت".

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:   

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان  

(و إذا حكمتم بين الناس أن تحكموا بالعدل)  

ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی  

ماوەیەکە بەڕێز (غالب محەمەد) ، لەچەند نوسین و لێدوانێکدا بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵ گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و چەند شتێک باس دەکات کەهیچ بنەمایەکی نییە ودور و نزیک پەیوەندی بەئێمەوە نییە.  

لەڕابردودا و لەسۆنگەی ڕێزگرتن لەکاری پەرلەمانی و لەوباوەڕەوە کە گەر ناوبراو بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێ بەڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات، ئەوەش ڕێگا دروستەکەیە، بۆیە هیچ رونکردنەوە و وەڵامێکمان نەبوە. بەڵام دەرکەوت ئەوەی نەکردووەو لەڕێی سوشیال میدیاوە  بەردەوامە  لە ناوبردنی کۆمپانیاکەمان لەچەند بابەتێک بەبێ بەڵگە، کە وەک وتمان هیچ پەیوەندیان بەئێمەوە نییە. گروپی کۆمپانیاکانی قه‌یوان ناچاره‌ ڕێگای دادگا و یاسا لەبەرامبەر ئەو ناوزڕاندنەی بەڕێزیان بگرێته‌به‌ر. داواکارین لەبەڕێزیان له‌ دادگا بەڵگەکانی خۆی بخاتە ڕوو و ئێمەش لەوێدا بەرگری لەو ناوزڕاندنەی خۆمان دەکەین و له‌ڕێی یاساوه‌ راستیەکان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان و سلێمانی بەتایبەتی روون ده‌بنه‌وه‌. لێرەشەوە داواکارین لەگەڵ نزیک بونەوەی هەڵبژاردن و هەڵکشانی ململانێ سیاسیەکاندا، ئێمە نەخرێینە ناو ئەم ناکۆکیانەوە، خزمەتەکانی قەیوان لە ئاوەدانیی و بوژاندنەوەی ئابوری و ژێرخانی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی کەدیار و بەرچاون کاری ئێمەیە، نەک هیچ کارێکی تر.   

بەشی ڕاگەیاندنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان.  
٢٠ / ٨ / ٢٠٢١  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن