بۆ هاوسه‌ران.. ئه‌م هه‌ڵانه‌ دوباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌

ستایل

29/08/2021     ژمارەی بینراو 565

بۆ هاوسه‌ران.. ئه‌م هه‌ڵانه‌ دوباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌

ڕاچڵه‌كین-

هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەیە کە هاوسەران ئەنجامیدەدەن و دەبێتە زیان بۆ ژیانی هاوسەریان و لە داهاتوو خۆیان و منداڵ و کەسوکار دەبنە قوربانی. ئەو هەڵانە بەهۆی نەزانی و نەشارەزایی سەبارەت بە ژیانی هاوسەرگیریی و بە ئاگایانە یان نائاگایانە ئەنجامیدەدەن، دكتۆر جەعفەر پسپۆڕی ده‌رونی  له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌داته‌ هاوسه‌ران و داوا ده‌كات ئه‌م هه‌ڵانه‌ دوباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌.

ئەم هەڵانەی کە پێویستە وازیلێبهێندرێت لەپێناو ژیانێکی ئارام و ئاسودە، دەبێت هاوسەران لە مەترسییەکانیان ئاگاداربن و هەوڵبدەن خۆیانی لێبپارێزن. لە ڕاستیدا خاڵەکان زۆرن، ئێمە لێرەدا زۆربەکورتی ئاماژەمان بە هەندێکیان داوە:

1-  لەجیاتی گفتوگۆی نێوانیان خەریکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بن و هەتا درەنگانی شەو لەسەر هێڵبن؛ ئەم ڕەفتارە هەڵەیە جگە لە ساردبونەوەی پەیوەندی هاوسەران، سەرچاوەیەکە کە هاوسەران بە ژیانی خەیاڵی ناو ئەو تۆڕانە سەرسامدەبن و ژیانی خۆیان لەبەرچاو دەکەوێت! پێویستە لە جیاتی بوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگی بدەنە ژیانی خێزانییان.

2- نهێنییان نەبێت و خەڵکی بە کێشەکانی ژیانیان بزانن؛ لای کەس و ناکەس باسی کێشەکانی نێوانیان بکەن و کێشە بچوک و گەورەکان بۆ هەمووان باسبکەن، دەرئەنجام چواردەور کێشەکە ئاڵۆزتر دەکەن و دەستدەخەنە ژیانیانەوە یاخود لەبەرچاوی خزمان بە کەم سەیردەکرێن. پێویستە کە تەنها ئەو کێشانە باسبکەن بۆ کەسانی دڵسۆزیان کە هاوسەران خۆیان بۆیان چارەسەر ناکرێت.

3- چاولێکەری؛ هەوڵبدات ژیانی وەکو کەسانی تر بێت، بیەوێت پیاوەکەی وەکو هاوسەری خوشکەکەی کۆمەڵایەتی و کراوەبێت، لەکاتێکدا کە  پیاوەکەی ئەم کەسێکی شەرمنە و ئەو توانایەی نییە، یان پیاو داوا لە ژنەکەی بکات وەکو خوشکەکەی گوێڕاڵی بکات. چەندین نمونە لای خۆتان هەیە! ئەم چاولێکەرییە هۆکاری بۆڵەبۆڵ و شەڕی بەردەوامی هاوسەرانە! لەوە خراپتر حەسودی بردن بە کەسانی تر دەروونی هاوسەران بۆگەن دەکات..

4- کێشە دروستکردن لەگەڵ خزمانی هاوسەر؛ ئەوەی کە بە "شەڕی بوک و خەسو" ناودەبرێت، بەردەوام کارەساتی لێدەکەوێتەوە. یەکێک لە هەڵەکان ئەوەیە کە ژنەکە یان پیاوەکە بیەوێت لەگەڵ ماڵی باوکی وەکو کەسێکی ناسراو و گوێڕایەڵ مامەڵە بکات و دەرئەنجام بەرانبەر ناتوانێت لەژێر ئەو چاوەڕوانییەدا بێت، بەتایبەت لە ساڵەکانی سەرەتای هاوسەرگیری. نابێت هاوسەران کێشە لەگەڵ خزمانی هیچ لایەک دروستبکەن، خۆئەگەر خزمان کێشەیان دروستکرد، ئەوە باشترە هاوسەرەکان لە دۆخەکە تێبگەن و کێیشە نەخەنە ناو ژیانی خۆیانەوە.

5-ژیان لەگەڵ خەسوو و خەزور لە سەرەتای هاوسەرگیری؛ ئەمە یەکێکە لە هۆکاری کێشەکانی هاوسەران، بەتایبەت ئەگەر لە سەرەتای ژیانی هاوسەرگیریاندا بێت، چونکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەربەخۆیی تازە هاوسەران، لە هەمانکاتدا دەستێوەردان زۆرتر و زیاتر دەبێت. بەمەش وادەکات کە کێشەیان زۆرتربێت. ئەگەر نەتواندرا ماڵێک دروستبکەن دوور لە ماڵی دایبابیان ئەوە باشترە کە ماڵیان جیابێت و بەجیا بژین و سەربەخۆبن کە چیدەکەن، بۆکوێ دەچن، کێ دێتە ماڵیان، چکارەن،..

6- منداڵ خستنەوە هەتا پەیوەندییەکەیان بەردەوامبێت؛ هەندێک لە خێزانەکان کە کێشەیان هەیە هەوڵدەدەن بۆ منداڵ خستنەوە لەپێناو هێشتنەوەی پەیوەندییەکەیان، بەتایبەت لە مانگەکانی سەرەتای ژیانی هاوسەرگیریدا منداڵ دەخەنەوە. تەنانەت جاری واهەیە چەندین منداڵیان دەبێت لەسەر بنەمایەکی هەڵەی کوشندە "با منداڵتان ببێت، پەیوەندییەکەتان باشدەبێت." چەندین منداڵ دەبنە قوربانی شەڕی بەردەوامی نێوان دایباب و هەمیشە ئاژاوە هەیە لە ماڵدا. لە دوای چەند منداڵێک جیادەبنەوە و دواتر دەزانن چی کارەساتێکیان ناوەتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن