راچڵەكین –
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەنگۆی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، ئەو بارهەڵگرانەی تەماتە كە لە دەروازەی شەلامچە رێگەیان پێنەدراوە بێنە ناو خاكی عیراقەوە، مۆڵەتی هەناردەكردنیان پێنەبووە.
حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەانیدا رایگەیاند، بەهیچ جۆرێك بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات نەدراوە، ئەو بارهەڵگرانەشی كە لە دیوی ئێرانەوە لە دەروازەی شەلامچە تەماتەیان باركردبوو بەڵام رێگەی هاتنە ناو خاكی عیراقیان پێنەدرابوو، بەهۆی ئەوە بووە كە مۆڵەتی هەناردەكردنیان پێنەبووە.
وتیشی:" وەزارەتی كشتوكاڵ لەچەند رۆژی رابردوودا، بڕیارێكی دەركرد بۆ رێگەپێدان بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لەهەر چوار دەروازەی شەلامچە، شیب، زرباتیەو مونزرییە، بەڵام بڕیارەكە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونكە لەژێر دەسەڵاتی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراقدا نین.
وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، جەختی لەوەشكردەوە كە بەگوێرەی یاسا، هەر بەرهەمێك هەناردەكراو لە دەرەوەی وڵات، ئەگەر مۆڵەتی هەناردەكردنی پێنەبێت، بە قاچاخ ئەژمار دەكرێت و رێگەی هاتنە ناوەوەی پێنادرێت.
روونكردنەوەكەی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، لەدوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەك دێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ژمارەیەكی زۆر بارهەڵگری ئێرانی لە دەروازەی شەلامچە لە پارێزگای بەسڕە، كە بەرهەمی تەماتەیان بۆ عیراق باركردبوو، رێگەی هاتنە ناوەوەیان پێنەدرابوو.