راستی كەمپەینی (بمخوازە بەبێ مارەیی)ی كچانی لوبنان ئاشكرابوو

هەمەڕەنگ

03/09/2021     ژمارەی بینراو 1060

راچڵەكین –

ماوەی چەند رۆژێكە كەمپەینی (بمخوازە بەبێ مارەیی) كە گوایە لەلایەن كچانی لوبنانەوە راگەیەندراوەو چەند وێنەیەكیش لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە كە كچانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوەو داوا لە كوڕان دەكەن بێنە خوازبێنییان بەبێ ئەوەی داوای مارەیی بكەن، لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەڵام ئایا ئەم بابەتە تاچەند لە راستییەوە نزیكە؟

میدیاكانی لوبنان دوای بەدواداچوونی ئەم بابەتە، بۆیان دەركەوتووە كە ئەم وێنانەی بڵاوكراونەتەوە، مێژووەكەی بۆ 21ی تشرینی یەكەمی 2019 دەگەڕێتەوە، تێیدا كچانی لوبنان هاوشانی هاووڵاتیانی دیكە رژاونەتە سەر شەقامەكان بۆ داواكردنی ژیانێكی باشترو روخاندنی حكومەت و چینی دەسەڵاتداری وڵات.

خۆپیشاندانەكەی دوو ساڵ لەمەوبەری شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان، لەدژی پلانێكی حكومەت بوو بۆ رزگاری ئابووری، كە لەبری چارەسەركردنی قەیرانە ئابوورییەكەی ئەو وڵاتە، هێندەی تر دۆخەكەی سەختتر كردو بووە مایەی هەڕەشە لەسەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیان، چونكە بەهۆی ئەو پلانە ئابوورییەی حكومەت، بەهای لیژەی لوبنانی زیاتر دابەزی.


بەدواداچوونە میدیاییەكانی لوبنان دەریانخست كە هیچ كەمپەینێك بەناوی (بمخوازە بەبێ مارەیی) لەلایەن كچانی ئەو وڵاتەوە لە ئارادا نییەو ئەو هەڵایەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستبووە، تەنها دەنگۆیەكی ناڕاست بووە.

سەرباری ناڕاستبوونی ئەو دەنگۆیەش، بەڵام زۆرێك لە كچانی لوبنان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی ئاوو كارەباو پێداویستییەكانی رۆژانە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا داوا دەكەن كوڕان هاوسەرگیرییان لەگەڵ بكەن و هیچ شتێكیان لێیان ناوێت، تەنها مەرجی ئەوەیان هەیە ئەو كوڕەی دێتە خوازبێنییان، خاوەنی رەگەزنامەی وڵاتێكی دیكە بێت، بۆئەوەی لە لوبنان كۆچ بكەن و لەو نەهامەتییە رزگاریان بێت، كە ئێستا تێیكەوتوون.   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن