كۆمپانیایەكی بەناوبانگی فەرەنسا بە هاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتبار دەكرێت

جیهان

07/09/2021     ژمارەی بینراو 287

راچڵەكین –

دادگای باڵای فەرەنسا تۆمەتی هاوكاریكردنی تیرۆرو بەشداریكردن لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، ئاراستەی كۆمپانیای لافارج كردو رایگەیاند، ئەو پاڵپشتییە داراییەی كە كۆمپانیاكە بە گروپێكی تیرۆریستی داوە، بایی ئەوەیە كە بە ھاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتبار بكرێت.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە دادگای باڵای فەرەنساوە بڵاوكراوەتەوە، تەنھا ناوەندی ئەوروپا بۆ دەستوور و مافەكانی مرۆڤ، دەتوانن وەكو لایەنی مەدەنی بەشداریی لە دۆسیەی "بەشداریكردن لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" بكەن، كە لە دژی كۆمپانیای چیمەنتۆی لافارج كراوەتەوە.

هەرچەندە كۆمپانیا فەرەنسییەكە تانەی لە بڕیارەكەی دادگا گرتبوو، بەڵام دادگای باڵای فەرەنسا تانەكەی رەتكردەوەو ئەو بڕیارەی كە لەدژی لافارج دەركراوە، پەسەندكرد، لە راگەیەندراوی پەسەندكردنی بڕیارەكەی دادگا هاتووە،" ئەو پاڵپشتییە داراییەی كە كۆمپانیاكە داویەتی بە گروپێكی تیرۆریستی، بایی ئەوەیە كە بە ھاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتبار بكرێت".

دۆسیەی تۆمەتباركردنی كۆمپانیای لافارج بە هاوكاریكردنی تیرۆر، لەساڵی 2017ەوە كراوەتەوەو لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوام بوون، تێیدا چەند بەرپرسێكی باڵای كۆمپانیاكە، لەوانەش برونۆ لافۆنتیش سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی لافارج، بە هاوكاریكردنی گروپێكی تیرۆریستی لەڕووی داراییەوە، تۆمەتباركرابوون.

تۆمەتباركردنی كۆمپانیا فەرەنسییەكە لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێكرد، كاتێك لە سوریا كاری بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی دەكردو لەپێناو هێرشنەكردنە سەر كارمەندەكانی لەو وڵاتە، پارەی بە گروپی تیرۆریستی داعش داوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن