نزیكەی 21 هەزار مووچە راگیراوە

چاوپێکەوتن

09/09/2021     ژمارەی بینراو 398

راچڵەكین-

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم ئاشكرای دەكات، نزیكەی 21 هەزار مووچەیان ڕاگرتووە نزیكەی 11 هەزار كەس لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار كراوە كە لە مووچەیەك زیاتر وەردەگرن بەڵام "بەشێكی یاساییە و بەشێكی نایاساییە."

د.عەبدولحەكیم خەسرۆ، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاند:" بەشێكی زۆر لە یاسای چاكسازی چووەتە بواری جێبەجێكردن، پرۆسەی چاكسازی لەهەموو ئەم بوارانە دەستی پێكردووە سەرەتا بەدانانی سیستەمی بایۆمەتری كاتێك كە هەموو مووچەخۆرێك لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، دوای ئەمە ڕێكخستنەوەی مووچەكانیان لەسەر بنەمای ئەم سیستەمە بۆ كراوە، بۆنموونە ئێمە نزیكەی 21 هەزار مووچەمان ڕاگرتووە نزیكەی 11 هەزار كەس لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار كراوە كە لە مووچەیەك زیاتر وەردەگرن بەڵام بەشێكی یاساییە و بەشێكی نایاساییە بەهەرحاڵ ئەمانە ڕاگیراون هەتا ئەوكاتەی لایەنە سلبی و لایەنە ڕاستیەكەی دیار دەبێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكیان وەكو وەكیل تۆمار كراون كە موچەی خانەنشینی مناڵی ناكام یان بۆ نموونە مووچەی قاسرێك وەردەگرێت ئەمانە بەدڵنیایی یاسایین، وە بەشێكی زۆر لەوانە مووچەكانیان ڕاستكراوەتەوە و ئەو مووچەیەی كە پێیان نەدراوە، پێیاندراوەتەوە، ئەوانەی كە نایاسایین بەشێكیان بڕدراوە."

د.عەبدولحەكیم ئەوەشی خستەڕوو" بەتەنها یەك ملیۆن و 200 هەزار كە مووچە یان ئیمتیازی دارایی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، ئێستا نزیكەی 365 هەزار فەرمانبەری مەدەنی پێداچوونەوە بۆ فایلەكانیان كراوە، ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان ئێستا پڕۆسەی پێداچوونەوە بە مەلەفی شەهیدان بەردەوامە و حاڵەتەكانیان دەستنیشان كردووە وەكو ژمارەی ئاماری كۆتایی ناتوانم ئێستا بیڵێم بەڵام چونكە دوا ژمارەی لای وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە هەتا پێش مانگێك نزیكەی حەوت ھەزار كەیس پێداچوونەوەی بۆ كرابوو جگە لەوەی پێداچوونەوە بە مەلەفی گشت زیندانانی سیاسی دەكرێت و لە پرۆسەیەكی بەردەوامدایە، ئەوەی پەیوەندی هەیە بە 88 هەزار كەس كە منحەی كاروباری كۆمەڵایەتی وەردەگرن ئەوەی پەیوەستە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئەوانەی منحە وەردەگرن،بەردەوامە و لیژنەی بەردەوامیان هەیە ، ئێمە لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە پەككەوتەی پێشمەرگەمان هەیە لیژنەی بەردەوامیان هەیە نزیكەی 9 هەزار كەیسمان هەیە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت بەشێكیان شایستەیان هەیە و بەشێكیان ڕێژەكەیان دەگۆڕێت بۆیە ئەمە پرۆسەیەكی ئاڵۆزە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە ئیمتیازێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن ئەمە زیاتر دڵنیایی دانە بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی زامنكردنی ماف و شایستەكانیانە و بنەمای دادپەروەری جێبەجێ بكرێت."

د.عەبدولحەكیم دەربارەی موچەی خانەنشینانی پلە باڵاكان ڕونیكردەوە" ئەوەی پەیوەستە بە خانەنشینی، خانەنشینی پلەباڵاكانمان هەیە بەپێی یاسای چاكسازی لە ماددەی (7،8،9،10) ی یاسای چاكسازی بەتایبەتی لە ماددەی (7) باسی ئەوە دەكات پێویستە مووچەی پلەباڵاكان ڕێكبخرێتەوە بەشێوازێك بێت بەكۆی گشتی ئەوانەی موكەلەفن بەخزمەتی گشتی وەكو پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەو وەزیرە بەڕێزانەی كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەستنیشان كراوە ئەمانە 50% لە كۆی مووچە و دەرماڵەی بۆ هەژمار دەكرێت، واتە نابێت لە 50% زیاتر بێت، جاران 80% ی وەردەگرت بەڵام ئێستا 50% وەردەگرێت بۆیە ئەمە هەموار كراوەتەوە، وە ئەوانەی بە پلەی تایبەتن وەكو بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكار و وەكیل وەزیر و ئەوانەی دامەزراون بە مەرسومی هەرێمی وەكو دامەزراندن دامەزراون ئەو بەڕێزانە لە 60% لە دواموچە و دەرماڵەیان بۆ ئەژمار دەكرێت."

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیران زیاتر لەسەر خانەنشینی پلەباڵاكن دواو و وتی"بەدڵنیاییەوە مەرجی تریشی تێدایە بۆنموونە مەرجی ئەوەی دەبێت پانزە ساڵ خزمەتیان هەبێت، مەرجی 45 ساڵ تەمەنی دەستنیشان كراوە ئەگەر هاتوو ئەو دوو مەرجەی تێدا نەبێت بەتایبەت ئەوانەی كە موكەلەفن بە خزمەتی گشتی ئەوانە مووچەكانیان دادەبەزێت بۆ 25% بۆیە ئەمە جێبەجێكراوە وەكو ڕێكخستنەوەی سیستەمی خانەنشینی بەشێك لەم بەڕێزانە كاتی خۆی وەكو ڕێز لێنانێك پلە و پۆستیان پێدراوە بێگومان پۆستەكانیان نەبینیووە بەڵام لەكاتی خانەنشینیدا بەپۆستی بەڕێوەبەری گشتی، بریكاری وەزیر، ڕاوێژكار، وەزیر خانەنشین كراون ئەمە وەكو ڕێزلێنانێك بووە بۆئەوەی ئەوانەی خەباتیان كردووە لە ڕیزەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، ئەوانەی زیانمەندبوون لە ڕژێمی پێشوو بەپێی دەسەڵاتی تەقدیری سەرۆك وەزیران فەرمانێكی بۆ دەرچوواندبوو بۆ خانەنشینكردنیان لەیاسای چاكسازی زۆر بەڕێزەوە باسی ئەوەی كردووە پێویستە ئەم بەڕێزانە لەبەرئەوەی خەباتیانكردووە و لەپێش 1991 لەڕیزی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوون پێویستە بە یاساكانی خۆیان خانەنشین بكرێن، ئێمە سێ یاسامان هەیە یاسای ژمارە (33) ی 2007 یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە یاسای پەككەوتەی پێشمەرگە ژمارە (34) ی 2007 یاسای خانەنشین و مووچەی هێزەكانی هێزی پێشمەرگە ژمارە (38) ی 2007 لەو یاسایانە دەسنیشانكراوە ئەو بەڕێزانە بە چ شێوازێك خانەنشین بكرێن و مافی ئەوەیان هەیە پشكیان هەبێت لە بودجەی گشتی."

د.عەبدولحەكیم خەسرۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دەوترێت ئەوانەی پێش 1991 پێشمەرگەبوون ساڵێكییان بە دوو ساڵ خزمەت بۆ حساب دەكرێت؟ لە وەڵامدا د.عەبدولحەكیم وتی:" ئەوە لەناو یاسای ژمارە (38) ی ساڵی 2007 شێوازی ئەژماركردنی ڕاژەی پێشمەرگە بەوردی باسكراوە لەسەرئەوەی ساڵێك بەدوو ساڵ حسابكراوە، ئێمە ئێستا لەچوارچێوەی یاسای چاكسازی پێویستە یاسا بەركارەكان جێبەجێ بكەن، ئێمە دواتر كۆمەڵێك یاسای ترمان هەبووە پرسی ڕێكخستنەوەی ئەژماركردنی ڕاژەیان بەپێی ئەو ڕێكار و ڕێنمایانەی كە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران كاری لەسەردەكات بەڵام وەكو باسمكرد ئەم پلە و پۆستە كە پێیان دراوە وەكو ڕێزلێنانە بۆیە بەڕێزەوە بەپلە و پۆستێكی سەربازی خانەنشین دەكرێت كە بگونجێت لەگەڵ خەباتیان و ماندووبونیان بەشێكیان كە بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون دوای 1991 پێشمەرگە بوون بۆیە بەپێی ماددەی (10) پلەكانیان بەپێی كۆتا پلە پێش ئەوەی خانەنشین بن بەو پلەیە خانەنشین دەكرێنەوە، ئەوانەی كە فەرمانبەری حكومەت بوون ئەوانیش بەپلەی خۆیان بۆنموونە مامۆستا بووە یان فەرمانبەرێك بووە بەڵام بەپلەی تایبەت خانەنشین بووە بەدڵنیاییەوە ئەوانیش بەپلەی خۆیان خانەنشین دەكرێن هەریەكە لەچوارچێوەی ئیستحقاق، مەبەستیش لەیاسای چاكسازی بریتیە لە بنەمای عەدالەت-دادپەروەری نەك بنەمای سزادان و نانبڕین ئەوەی پەیوەستە بەسوود وەرگرتن لە بودجەی گشتی چونكە دەبێت بەیەكسانی و بە دادپەروەری بەپێی ئیستحقاق ئەم بودجەیە خەرج بكرێت."

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون لە ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیكردەوە:"هەموو مووچەخۆرێك لە هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە ئیستحقاقی مووچەكەی دەكرێتەوە ئەم پرۆسەیە بەردەوامە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەروەها لەگەڵ سیستەمی بایۆمەتری هەرێمی كوردستان كە ئێستا قۆناغی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری دەستپێكردووە هەموو داتابەیسی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی كۆدێكی یەكگرتوو دروستدەكرێت، هەر فەرمانبەرێك و هەر مووچەخۆرێك كۆدی خۆی دەبێت و زانیاریەكانی لەسەر دەبێت بەدڵنیاییەوە لەچوارچێوەی ئەو زانیاریانە كە هەیەتی فایلەكانیان لەشێوازی شایستە داراییەكانیان پێداچوونەوە بەپلەكانیاندا دەكرێت."

هەروەها وتیشی:" لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە ئێستا لیژنەی تایبەتی خۆیان داناوە ئەوانەی كە پێشمەرگەن مووچەی پێشمەرگایەتی وەردەگرن و بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی مووچەی پێشمەرگایەتی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەوانەی كە خانەنشین كراون بە پلەی پێشمەرگە بەدڵنیاییەوە دوبارە ڕێكخستنەوەی فایلەكانیان دەكرێت، هەریەكێك لەدەرەوەی شایستەكانی خۆی بۆنموونە مووچەیەك وەربگرێت ئەم مووچەیە ڕادەگیرێت و بەپێی شایستەكانی خۆی كارەكانی دەكەن بەڵام ئەوەی ئێستا كاری لەسەر كراوە بریتیە لە دووبارە ڕێكخستنەوەی ڕاژەی گشتی سەربازی،ڕاژەی گشتی مەدەنی بەشێوازێك بێت كە بەپێی ستاندەر و بەپێی یاسا بەركارەكان بێت لە هەرێمی كوردستان، لە وەزارەتی دارایی وەكو باسمكرد 21 هەزار مووچە ڕاگیراوە هەتا یەكلایی كردنەوەی لایەنە یاسایەكەی."

سەبارەت بە بڕینی موچەی هەندێك كەس كە وەك كەسوكارەكەی دەڵێن خزمەتیشیان هەبووە لەوانە یەكەم وەزیری پێشمەرگە (جەبار فەرمان)، هەروەها دەوترێت هەندێكجار بە بێ زانیاری تەواو موچەی هەندێك لەوانە بڕاوە؟

لە وەڵامدا د.عەبدولحەكیم خەسرۆ وتی:" ئەوەی پەیوەستە بە ڕێكارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بریتیە لەوەی لیژنەی تایبەتمەند پێكهاتووە ئەم لیژنانە فۆڕمی تایبەت، بۆ وەرگرتنی زانیاری لە كەسوكاری خانەنشینان یان ئەوانەی مووچەی خانەنشینی وەردەگرن یان خودی خانەنشین كراو، وە ئەو زانیاریانەی بەپێی ئەو فۆڕمانەی لەبەردەستیان بووە پڕكراونەتەوە لە گەنجینەكان بەدڵنیایی ئەوەی پێشتر كراوە ئەمە پەیوەست نییە بە زانیاری و نەزانین بەڵكو ئەمە پەیوەستە بەوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پلە تایبەتەكان داوای خزمەتیان لێنەكرابوو تەنها بە نوسراوێك فەرمانی خانەنشین بوونیان دەرچووە بۆیە كاتێك كە یاسای چاكسازی داوای ساڵانی خزمەت دەكات یان داوای تەمەنی خانەنشینی دەكات لێرە كە دەگەڕێنەوە سەر فایلەكان لە فایلەكان تەنها فەرمانی تێدایە بێگومان پرۆسەی هێنانەوەی خزمەت بۆئەوەی بزانرێت هەر بەڕێزێك چەند ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبووە و چەند ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبووە ئەم پرۆسەیە لە پەرلەمانی كوردستان لیژنەی تایبەتیان پێكهێناوە و بۆئەوەی پرۆسەی ئەژماركردنی خزمەتیان بۆ بكەن هەروەها لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێكاری پێویست گیراوەتەبەر بۆئەوەی ئەوانەی پێشتر پێویستیان بە خزمەت نەبووە لەكاتی خانەنشینی بەڵام ئێستا بەپێی یاساكە داوای خزمەتیان لێدەكەن لێرە ئەو ڕێكارانە دەگرێتەبەر و خزمەتەكانیان بۆ ئەژمار دەكرێت واتە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی كارگێڕی و ئیدارییە هیچ پەیوەندی بە كەسایەتیەكان نییە چونكە وەكو باسمكرد پلە تایبەتەكان لەپەرلەمانتارە بەڕێزەكان لە خولی یەكەمی پەرلەمان هەتا ئەمڕۆ بەشێكی زۆریان كەموكورتیان لەناو فایلەكانیان هەبووە و بەپێی یاساكە مووچەكەی دەستنیشان دەكرێت بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەناو فایلەكانیان هەیە چونكە یاسای چاكسازی ئاماژە بەوە دەكات پێویستە ئەم بەڕێزانە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ یاسای نوێ و كاتێك كە هەموو خزمەت و بەڵگەنامە پێویستیەكانیان هێنا و خرانەوە ناو فایلەكانیان بەدڵنیاییەوە بەپێی یاسا شایستەی چەند بێت ئەوەندە وەردەگرێت."

بەڵام یەكێتی پەرلەمانتاران نیگەرانی لە كەمكردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەربڕی؟ وەڵامەكەی د.عەبدولحەكیم بەمجۆرەبوو:" لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك دەرچووە بەناوی یاسای ژمارە (2) ی 2020 یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین، لەم یاسایە مووچەی پەرلەمانتار و مووچەی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و گشت پلەباڵاكانی دەستیشان كردووە بە ئاستێكی دیاریكراو بۆنمونە مووچەی ئەوانەی ڕاسپێراون بە خزمەتی گشتی هەموو خزمەتیشیان بۆ هەژمار بكرێت لەیاساكە هاتووە دەڵێت نابێت 50% لەدوا مووچە و دەرماڵەیان بۆ هەژمار بكرێت، ئەوانەی بەپلەی باڵا دامەزراون نابێت لە 60% مووچە و دەرماڵەیان زیاتر بۆ هەژمار بكرێت تەنانەت دادوەرەكانیش بەڕێژە بۆیان دانراوە، ئەم ڕێژەیە پەرلەمانی كوردستان دایناوە بۆ ڕێكخستنەوەی مووچەكان بۆ دەسنیشانكردنی دادپەروەری لە دابەشكردنی لە هەرێمی كوردستان نێوان هەموو پلەباڵاكان بەدڵنیاییەوە پەرلەمانتارە بەڕێزەكان شایستەكانیان بەپێی یاسا پێیان دەدرێت وەكو باسمكرد دوای تەواوكردنی پرۆسەكە و دوای هێنانەوەی خزمەت دوای ئەوەی كە خزمەتەكەیان بۆ هەژمار دەكرێت، هەموو شایستەیان وەردەگرن ئەوەی بەزیادە وە بێت یان بە كەمەوە بێت ڕێكدەخرێتەوە لەڕۆژی بەركاربوونی یاسای جێبەكردنی یاسای چاكسازی بۆئەوەی بەپێی بەڵگەنامەكان ئەگەر تەنها چوار ساڵ خزمەت لەناو فایلەكانیان هەبێت ناتوانرێت 25% زیاتر بۆیان هەژمار بكەن بەپێی دەقی یاساكە واهاتووە ئەگەر ئەو لیژنەی تایبەتمەندەی كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان كارەكانی ئەنجام دەدات هەروەها لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كارەكانیان تەواو بوو هەریەكە بەپێی شایستەی خۆی مووچەكانیان بۆ ڕێكدەخرێتەوە."

د.عەبدولحەكیم خەسرۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەی سەبارەت بەو كەسانەی زیاتر لە مافی خۆیان موچەیان وەرگرتووە یا كەمترییان وەرگرتووە یاسای چاكسازی چۆن باسی ئەوانەی كردووە؟ لە وەڵامدا د.عەبدولحەكیم وتی" لە یاسای چاكسازی دەسنیشانی كردووە لە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی ئەم یاسایە هیچ ئاسەوارێكی دارایی و یاسایی ناكەوێتە سەر فەرمانبەر هەتا 1-7-2020 واتە هەموو ئەو حاڵەتانەی لەپێش ئەو ماوەیە كرابێت ئەوا یاسای چاكسازی لێی وەرناگرێتەوە بەڵام هەموو ئەو زیادەیە و هەموو ئەو موچانەی بە زۆری یان بەكەمی بەدڵنیاییەوە ئەگەر كەمیان وەرگرتبێت شایستەی خۆیان وەردەگرنەوە ئەگەر زیاتریش وەرگیرابێت وەردەگیرێتەوە واتە ئەمە پرۆسەیەكی یاساییە و وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێنمایی پێویستی دەركردووە بۆ جێبەجێكردنی گشت بڕگە و ماددەكانی ، لەماددەی (16) ی یاسای چاكسازی هاتووە كە هەموو حوكمەكانی حاڵەتەكانی پێش بەركاربوونی ئەم یاسایە دەگرێتەوە و پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم یاسایە، ئەوەی پەیوەستە بە ماددە (14) دەڵێت ئەم یاسایە شوێنەواری یاسایی و دادوەری لێناكەوێتەوە بۆ حاڵەتەكانی پێش كەوتنەبواری جێبەجێكردنی یاساكە لەسەر ئەو كەسانەی دەیانگرێتەوە، ئەوانەی زیانیان پێكەوتووە بەپێی بڕگەی (2) ماددە 14 مافی ئەوەیان هەیە شایستە داراییەكانی خۆیان وەربگرنەوە."

د.عەبدولحەكیم دەشڵێت" دوو مووچە و سێ مووچە لەنێوان 11 هەزارە بۆنموونە زیاتر لە 900 كەس دوو مووچەی فەرمانبەرێتییان هەبووە كە وەریانگرتووە ئەمە لە پرۆسەی تەواو بووندایە، بەڵام بەشێك لەم بەڕێزانە بەپێی یاسا دەتوانن مینحەیەك زیاتر وەربگرن بۆنموونە زیندانی سیاسی بۆی هەیە مووچەی وەزیفی خۆی وەربگرێت لەهەمان كاتدا مینحەیەك لە زیندانی سیاسی وەربگرێت كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان بەهەمان شێوە ئەمانە حاڵەتی یاسایین ، خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان بۆیان هەیە مووچەیەك وەربگرن و مینحەیەك لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی وەربگرن لەچوارچێوەی یاسای چاكسازی دەیكاتە دەرماڵەیەكی مەقتوع لەسەر ڕێژەك دەستنیشان دەكرێت بۆئەوەی لە فەرمانگەی خۆی وەریبگرێت، واتە یاسای چاكسازی تەنها بواری هەڵوەشاندنەوەی تێدا نییە بەڵكو ڕێكخستنەوەشی تێدایە و دەستنیشان كردنی گشت ئەو بوارانەی وەزیفەی گشتی ڕێكبخرێتەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن