چی ده‌زانیت له‌باره‌ی ڤێستیڤاڵی ساڵانه‌ی خلیسكانی سه‌ربه‌فر له‌ پێنجوێن؟

ڕاپۆرت

05/02/2020     ژمارەی بینراو 740

راچڵه‌كین- AA


راچڵه‌كین
بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن، بە سپۆنسەری دەزگای مرۆیی مام، فێستیڤاڵی هەفتەی سپی لە پێنجوێن دەستی پێکرد.

ئەمرۆ ٥ی شوباتی ٢٠٢٠ کاتژمێر١٠ی بەیانی، بە سپۆنسەری دەزگای مرۆیی مام، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن، فێستیڤاڵی هەفتەی سپی، تایبەت بە خلیسکان دەستی پێکرد.

لە ڤیستیڤاڵەکەدا وەرزشوانانی چەندین یانە بەشدارن کە خۆی لە ٢٠ یاریزانی سەرەکیدا دەبینێت بۆ نمایش و دواتریش لە زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیارێکی زۆر بەشدارن لە ڤیستیڤاڵی خلیسکێنەدا.

سەرۆکی یانەی وەرزشی پێنجوێن و راهێنەری خلیسکێنە مەریوان فەرەج لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ٢٠ یاریزانی تایبەت بە خلیسکان لەسەر بەفر بەشدارن لە ڤیستیڤاڵەکەدا، دواتر تیمەکانی تری وەرزشوانان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیاران ئامادەی بوون.

ئەو راهێنەرە باس لە گرنگی وەرزشەکەو ئەو جۆرە ڤیستیڤاڵانە دەکات بۆ شاری پێنجوێن بەتایبەت لەبواری راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشی خلیسکێنەدا و دەڵێت،'' ئەم ڤیستیڤاڵە زۆر گرنگە لەرووی راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدانی وەرزشەوە، بەڵام بەداخەوە کەموکورتیەکی زۆرمان هەبووە لە رووی دابین کردنی تەواوی کەلوپەلەکان بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست وەرزشوان ئامادەی ڤیستیڤاڵەکە ببن، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین کە بۆ ساڵانی داهاتوو، کەلوپەلی وەرزشی پێویستمان بۆ دابین بکەن.

یەکێک لە وەرزشوانە بەشداربووەکان کوڕێکە بەناوی شەنکار عەلی، ئەو ماوەی ٦ سالە سەرقاڵی وەرزشی خلیسکێنەیە لەسەر بەفر، باس لەوە دەکات هەموو ساڵێک بەشداری کردووە لە ڤیستیڤاڵەکانی پێنجوێندا و دەڵێت،''هەموو ساڵێک بەشداری لەم ڤیستیڤاڵەدا دەکەم، وەرزشێکی زۆر خۆشە چێژێکی تایبەتی هەیە، بۆ من و هەموو ئەوانەشی کە بەشداری تێدا دەکەن. ئەمە شەشەمین ڤیستیڤاڵە کە لە پێنجوێن ئەنجام دەدرێت، بەخۆشحاڵیەوە بەشداریمان تێدا کردووە، کەشێکی زۆر خۆشە، هیوادارم پەرەی زیاتر بدرێت بەم وەرزشەو بەم ڤیستیڤاڵە.''

خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و گەشتیاران بەشێکی تری ئامادەبوانی ڤیستیڤاڵەکەبوون، وەک هۆژان حەسەن باسی لێوە دەکات ئەوان لە زانکۆی سلێمانیەوە هاتووە بۆ بەشداری کردن لەو ڤیستیڤاڵە و لەکاتی سەرقاڵ بوونی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە شەڕەتۆپەڵ و خلیسکێنەوە، لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دا.
هۆژان دەڵێت،'' خۆشحاڵین چالاکیەکی لەو چەشنە لە هەرێمی کوردستاندا هاوشێوەی وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت، بەتایبەت کە کەشوهەوا و جوغرافیای پێنجوێن لەبارە بۆ ئەو جۆرە وەرزشە، کەشێکی زۆر خۆش و تایبەت دروست دەکات، هیوادرین خزمەتی زیاتر بەو جۆرە وەرزشە بکرێت و فراوان بکرێت بۆ ساڵانی داهاتوو. چونکە سەرچاوەیەکی سەرەکی راکێشانی گەشتیاری زستانەیە.''

ئەمە شەشەمین فێستیڤاڵی خلیسکێنەیە کە لە پێنجوێن ئەنجام دەدرێت، بڕیارە بۆ یەک هەفتە بەردەوام بێت .لە شاری پێنجوێن لەسەر رێگای گوندی کانی سێف- ی پێنجوێن لە پشت گۆرستانی راوکان ئەنجام دەدرێت.

پێنجوێن یەکێکە لە شارۆچکە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم شارۆچکەیە لە کۆمەڵێک چیا و گردۆڵکە پێکھاتووە ، دەکەوێتە سەر ھێڵی درێژیی ٤٦ پلەی ڕۆژھەڵات و ھێڵی پانیی ٣٥،٩ پلەی باکووری ھێڵی کەمەرەیی و ٩٦ کیلۆمەتر باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، ١٣١٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، تێکڕای باران لە ساڵێکدا لە پێنجوێن ٩٠٠ میلیمەترە. ڕووبەری سەرجەم قەزای پێنجوێن بریتییە لە ١١٢٩کیلۆمەتری چوارگۆشە و ناوچەیەکی سەختەو پلەکانی گەرما لە زستاندا زۆرجار بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. بەو هۆیەوە کەشوهەواو جوغرافیایەکی لەباری هەیە بۆ وەرزشەکانی تایبەت بە بەفر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن