قوباد تاڵەبانی داواكاری هەیە

کوردستان

14/09/2021     ژمارەی بینراو 112

راچڵەکین-

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و داوایكرد بەریتانیا گەرمتر لە جاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە و پشتیوانی پرۆسه‌ی چاكسازی هه‌رێم بكات.
 
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 14-09-2021 قوباد تاڵەبانی، پێشوازی لە دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و جەیمی هامیڵ ـ ی جێگری کرد و لەبارەی كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان كرد. 
 
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە لە كۆبوونەوەیەكدا، قوباد تاڵەبانی  پیرۆزبایی لە ستافی نوێی كۆنسوڵخانەی بەریتانیا کردو داوایکرد:" كاربكەن لە پێناو دەستەبەركردنی پشتیوانیی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت."
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کراوە هاوڕابوون له‌باره‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ ده‌بێت به‌شێوازێكی ته‌ندروست و پاكوبێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وه‌فده‌ به‌ریتانییه‌كه‌ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یان ده‌ربڕی بۆ ڕه‌وانه‌كردنی چاودێر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌ندو باوه‌ یاسایی و دیموكراسییه‌كان. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی به‌ریتانیا گه‌رمتر له‌جاران په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بباته‌ پێشه‌وه‌، وه‌فده‌كه‌ش پابه‌ندی وڵاته‌كه‌یان دووپات كرده‌وه‌ به‌ درێژه‌دان به‌ هاوكارییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كان و باشتركردنیان له‌ قۆناغی داهاتوودا به‌تایبه‌ت پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ كۆتایی ئه‌م ساڵ. 
  
جێگری سەرۆكوەزیرانی داوای لە كۆنسوڵخانەی بەریتانیا كرد لە سەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەر و ناوچە جیاجیاكان كوردستان بەسەر بكەنەوە و چالاكییەكانیان تەنها لە سەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە، شاندەكەش بە گرنگییەوە پێشنیازەكەیان وەرگرت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن