ڕێگا سروشتییەکانی کەمکردنەوەی ئازار
ڕاچڵهكین-
سەرەتا ئەوە بزانە، کە دەبێت کاتێک ئازار کۆنترۆڵ بکرێت کە هۆکارەکەی زانرابێت، چونکە ئازار هاوارێکی سروشتیی جەستەیە و داوای چارەسەر دەکات، ئەگەر تەنیا خەممان لای کۆنترۆڵکردنی ئازارەکە بێت، ئەوە هەڵەیە، بەڵکو سەرەتا دەبێت پزیشک بیدۆزیتەوە کە هۆکارەکەی چییە و پاشان بیر لە نەهێشتنی بکەینەوە، دكتۆر سهروهر پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم لهم بابهتهدا چهند ڕێگایهكی سروشتی بۆ كهمكردنهوهی ئازار باسدهكات.
ئازار وەکو زەنگی ئاگرکەوتنەوەی ماڵ وایە، لەوانەیە دەنگەکەی بێزارکەر بێت، بەڵام ئەو هاوارە نەبێت، ڕەنگە ماڵەکەمان بسووتێ و ئاگامان لە خۆمان نەبێت، ئەوەتا کاتێک ئەو زەنگە لێدەدات سەرەتا دەچین تاوەکوو خەم لە کۆنترۆڵکردنی ئاگر و دوکەڵەکە بخۆین، ئینجا خەفەکردنی دەنگی زەنگەکە.
بۆ نموونە تۆ ئازارێکی ئەژنۆ یان پشتت هەیە، پزیشک هۆکارەکەی دەدۆزێتەوە و دەڵێت کە مەترسیدار نییە و ئیدی پیویستە ئازارەکە کۆنترۆڵ بکەین، ئەگەر تۆ لەو کەسانەیت کە بێزاری لە خواردنی دەرمانی ئازارشکێن، ئەوە هەندێک ڕێگەی سروشتی هەن کە هیچ نەبێ توندی ئازارەکە کەمدەکەنەوە لە بەشێکی خەڵکیدا:
1-چوست و چالاک بە: وەرزش و چالاکیی جەستەیی، هەم دەبێتە هۆی بەهێزیی ماسولکەی ڕاگری جومگەکان، هەم هانی ڕژاندنی ماددەی سروشتیی ئازارشکێن دەدات لە جەستەدا کە بە ئیندۆرفینەکان ناسراون>
2- ساردکردن و گەرمکردنی جومگە: ئەو جومگەیەی ئازاری درێژخایەنی وەکو سەوەفانی هەیە زیاتر سوود لە گەرمکردنی دەبینێت، بەڵام ئەو جومگەیەی ئازاری کتوپڕ و ئاوسانی هەیە، بە ساردکردنەوە ئازارەکەی کەمتر دەبێت.
3- پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت بەهێزبکە: هەبوونی تۆڕی فراوانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، وادەکات کەسەکە کەمتر هەست بە ئازار بکات، پیدەچێت ئەمە بەهۆی کەمکردنەوەی خەمۆکی و دلەراوکێ و زیادکردنی ئازارشکینە سروشتییەکانی جەستە بێت. پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نموونەی بەشداریی چالاکییە خۆبەخشییەکان، چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان، گەشت، بەسەرکردنەوەی ئازیزان و زۆر ڕێگەی دیکە.
4-خاوکردنەوە و کشاندنی ماسولکەکان و دووربوون لە دەقگرتوویی جەستە کە بەداخەوە جیاکەرەوەی ژیانی سەردەمە.
5- خەوت ڕێک بکە: جەستەی مرۆڤ لە شەو و ڕۆژێکدا پێویستی بە ٦-٩ کاتژمێر خەوی قووڵ و ئارامە. وەکو چۆن ژەمەکانی خۆراک و وادەی دەوام و ئەرکی ڕۆژانەت لا گرنگە، بۆ خەوەکەشت وابە! شوێنی خەوەکەت با تاریک و ئارام بێت و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی تێدا نەبێت، پابەندی بە کاتێکی دیاریکراوی نووستن و لە خەو هەستان، واتە هەموو شەوەکان لە یەک کاتدا بڕۆرە سەر جێگای نوستن و بەیانیانیش لە یەک کاتدا لە خەو هەستە.
6-مێدیتەیشن و یۆگا: ئەمانە بۆ خاوێنکردنەوەی دەروون لە دڵەراوکییەکانی ژیانی ڕۆژانە زۆر گرنگن و سەرەنجام هەستی ئازار چەشتن کەمدەکەنەوە. پەرستشێکی ئارام و ڕۆحانیش لەم ڕووەوە گرنگە و دەکرێ هەمان ڕۆڵ بگێڕێت لە بەشێک لە خەڵکیدا
7- مەساج: مەساج و شێلانێکی شارەزایانە، گرژیی ماسولکە کەمدەکاتەوە و سووڕی خوێن چالاکدەکات و سەرەنجام توندیی ئازار کەمدەکاتەوە
8- هەندێک خواردەمەنی: بە گشتی کالۆرییەکانت با کەم بن و بەها خۆراکییەکانی ژەمەکانت با باش بن، لە شەکر دوور بە، هەندێک توێژینەوەش دەڵێن گرنگیدان بە هەندێک خۆراک و بەهارات لە ژەمەکانتدا تا ڕادەیەک لە ئازارەکانت کەمدەکاتەوە، وەکو ڕیشالە خۆراکییەکان، زەردەچەوە، زەنجەفیل، بیبەری توون، سیر، سرکەی سێو، مێخەک، گێلاس و هی دیکە.
9- هەندێک کەس کە ئازاری درێژخایەنی وەکوو سەوەفان و فەقەراتیان هەیە، تا ڕادەیەک سوود لە دەرزی ئاژنین دەبینن.