بایرن بووەتە مۆتەكەی بارسێلۆنا

وەرزش

15/09/2021     ژمارەی بینراو 342

راچڵەكین-

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەماڵی خۆیداو بەبەرچاوی هاندەرانییەوە، بەسێ گۆڵی بێ بەرامبەر یاریگای بەرامبەر یانەی بایرن میونشن جێهێشت.

شەوی رابردوو، وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دەستیپێكرد، لە ركابەرییەكانی گەڕی یەكەمی قۆناخی كۆمەڵەكان و لە كۆمەڵەی پێنجەمدا، یانەی بارسێلۆنا تووشی دۆڕانێكی گەورەبوو، لەسەر دەستی یانەی بایرن میونشن یەكەم سێ خاڵی لەدەستدا.
  
لە خولەكی 34 تۆماس مولەر دەرگای گۆڵكردنی كردەوە و باڤاریای پێشخست، لەنیوەی دووەمدا بایرن میونشن ئاستێكی بەرزتری پێشكەشكرد و لە خولەكی 56 رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی گۆڵی دووەمی بۆ یانەكە تۆماركرد، پاشان هەمان یاریزان لە خولەكی 85 گۆڵی سێیەم و یەكلاكردنەوەی یارییەكەی تۆماركرد و بایرن میونش یارییەكەی بە 3-0 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردەوە.

بارسێلۆنا لە یارییەكەدا بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا هیچ لێدانێكی بۆ گۆڵ نەبوو، كە پێشتر یانەكە ئەم ئامارە خراپەی لە چامپیۆنزلیگدا تۆمارنەكردووە.
 
جگە لەوەش بارسێلۆنا یەكەمجارە لە دوای وەرزی 1998-1997 یاریی یەكەمی چامپیۆنزلیگ لە یاریگەی خۆیدا بدۆڕێنێت، كە ئەو كاتە بە 2-3 بەرامبەر نیوكاسڵ دۆڕا.
 
یانە كەتەلۆنییەكە یەكەمجارە لە یاریگەی خۆیدا سێ یاریی لەسەریەك لە چامپیۆنزلیگدا بدۆڕێنێت، بەرامبەر یوڤێنتوس 3-0، بەرامبەر پاریس سانجێرمان 4-1 و بەرامبەر بایرن میونشن 3-0.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن