راچڵەکین-
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات كۆتایی ئەم هەفتەیە کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک و لە باکوری رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە رووبکاتەوە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بۆ سەرەتای هەفتە ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی ھەینی ٢٤-٩-٢٠٢١ کۆتایی ئەم ھەفتەیە پێشبینی دەکرێت کاریگەری بارستە ھەوایەکی فێنک و مەودا کورت لە باکوری رۆژھەڵاتی ئەوروپاوە رووبکاتەوە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە رۆژی شەممەدا ٢٥-٩-٢٠٢١ کاریگەریەکانی زیاتر و فراوانتر ئەبێت بۆ تەواوی ناوچەکان.
دەشڵێت:"پێشبینی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکەین بەرێژەی ٢ بۆ ٤ پلەی سیلیزی بەم شێوەیەش پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم لەماوەی رۆژانی ھەینی و شەمەدا نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣١ تا ٣٣ پلەی سیلیزی و لەناوچەکانی سنوری گەرمیاندا کە ئێستا پلەکانی گەرما بە زۆری لەنێوان ٣٨ بۆ ٣٩ پلەی سیلیزیدایە لە رۆژی شەممەدا کاریگەری ئەو بارستە ھەوا فێنکە کاردەکاتە سەر ئەم سنورەش و پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بۆ نێوان ٣٤ تا ٣٥ پلەی سیلیزی ھەست بە فێنکتربوونی زیاتری کەش و ھەوا دەکرێت لەناوچەکەدا و کەشی شەوانەش بەھەمان شێوە ساردتر ئەبێت لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا .
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژە بەوەشدەکات، کاریگەری ئەم بارستە ھەوایە و ماوەی مانەوەی لەناوچەکەدا کورت خایان دەبێت بۆیە لە رۆژانی یەکشەمەوە ٢٦-٩-٢٠٢١ کاریگەری لاواز ئەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە بۆ ھەمان ئاستی ئێستا و تا کۆتایی بە مانگ بەجێگیری ئەمێنێتەوە .