8 ی مارس لە چییەوە سەریهەڵدا

ڕاپۆرت

08/03/2020     ژمارەی بینراو 1267

راچڵەكین-سەركۆ جەمال

زۆركەس تەنها ئەوە دەزانن كە 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە و بەس، بەڵام دیاریكردنی ئەم ڕۆژە هەر لە خۆیەوە نەبووە و چیرۆكی بە ئازاری چەوساندنەوەی ژنانی لە پشتە.

كۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست فشاری كار لەسەر ژنان زیادیكرد

 چەندین بیروبۆچوونی جیاواز هەیە دەربارەی رۆژی 8ی مارس لە جیهاندا،‌ بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە كۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم بەهۆی گەشەی پیشەسازییەوە كاری ژنان پەرەیسەند، كرێكارانی ژن زیاتر لە مەیدانی پیشەسازی جلوبەرگ و كارگەكانی رستن و چنیندا كاریان دەكرد.

سەركوتكردنی خۆپیشاندانێكی ژنان بووە پریشكی ناڕەزایی 

ساڵی 1857 ژنانی كرێكار لە نیویۆرك لە كارگەی جلوبەرگ دژی هەلومەرجی كاركردنیان لە رۆژی 8ی مارسدا خۆپیشاندانیان كردو لەلایەن پۆلیسەوە سەركوتكران.

دیاریكردنی ئەو ڕۆژە پێشنیازی كێ بوو؟

مانگی 8 ی ساڵی 1907 لە كۆبونەوەی گروپی ژنانی سۆشیالیستی سەر بە ئینتەرناسیۆنالی دووەم، كلارا زنكتین هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ژنی ئەڵمان پێشنیاری ئەوەی كرد كە رۆژێك بۆ نیشاندانی هاوپشتی لەگەڵ خەبات و مافەكانی ژناندا دیاریبكرێت و بەوبۆنەشەوە لە وڵاتانی جیهاندا خۆپیشاندان سازبكرێت، ساڵێك دواتر  ساڵی 1908 ژنانی سۆشیالیستی ئەمریكا لە رۆژی 8ی مەرسدا خۆپیشاندانی فراوانیان سازكرد.

لە ساڵی 1909 لە رۆژی 28/2 دا پارتی سۆشیالیستی ئەمریكا بەیاننامەیەكی دەركرد كە داوای ئەوەی كردبوو رۆژێك بۆ نیشاندانی خەبات و هاوپشتی لەگەڵ مافی دەنگدان و هەلومەرجی گونجاو بۆ كاری ژنان دیاریبكرێت.

دوای دوو ساڵ پێشنیارەكەی كلارا قبوڵكرا

ساڵی 1910 لە كۆنفرانسی ژنانی سۆشیالیستی سەر بە ئینتەرناسیۆنالیزمی دووەم، لە دانیمارك كە 100 ژن لە 17 وڵاتەوە ئامادەبوون، پێشنیارەكەی كلارا زنكتین لەلایەن ژنانی سۆشیالیستی ئەمریكاوە قبوڵكرا، بەڵام رۆژێكی دیاریكراو پەسەند نەكرا.

یەك ملیۆن ژن و پیاو لە 1911 خۆپیشاندانیان بۆ مافەكانی ژن ئەنجامدا

ساڵی 1911 لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی (سویسرا، نەمسا، ئەڵمانیاو دانیمارك) نزیكەی یەك ملیۆن ژن و پیاوی یەكسانیخواز لە رۆژی 19/3 دا خۆپیشاندانیان سازكرد بۆ بەرگری لە مافەكانی ژنانی كرێكارو ژنان بەگشتی.

لە كارگەیەكی نیویۆرك 140 كرێكاری ژن سوتان

رۆژی 25/3/1911 لە كارگەی جلوبەرگی (ترایەنگڵ) لە نیویۆرك، بەهۆی گەندەڵیی خاوەنكارەوە لەئاكای سەلامەت نەبوونی هەلومەرجی كار، 140 كرێكاری ژن سوتان، دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنە نزیكەی 100 هەزار كەس لە مەراسیمی ماتەمینیەكەدا بەشداربوون. ئەو رووداوە كاریگەری جددی بەجێهێشت لەسەر بزوتنەوەی كرێكاری و یاساكانی كار لە ئەمریكا.

ساڵی 1913 لەكاتی دەستپێكردنی شەڕی جیهانی یەكەم، ژنانی ئەوروپاو روسیا دژی شەڕو بۆ ئاشتی خۆپیشاندانێكی هێمنانەیان سازكرد، لە دوا یەكشەممەی شوباتی 1913 و 1914 ژنانی روسیا خۆپیشاندانیان كردو داوای وەستانی شەڕو مافی ژنانیان دەكرد.

لە 1917 ڕووسیا لەژێر فشاری ژناندا مافی دەنگدانی دا بە ژنان

لە كۆتاییدا، یەكشەممەی شوباتی 1917 ژنانی روسیا مانگرتنێكیان دەستپێكرد لەژێر ناونیشانی (نان و ئاشتی) كە ئەوكات دوو ملیۆن سەربازی روسی كوژرابوون، دوای 4 رۆژ دیكتاتۆری روسیا (تزار) ناچاربوو مافی دەنگدان بۆ ژنان بەڕەسمی بناسێنێت، ئەوەش بەپێی ساڵنامەی نوێ دەیكردە 8ی مارس، ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنەی ژنان بووە سەرەتای چەخماخەی شۆڕشی ئۆكتۆبەر.

دواتر ئەلكساندەر كۆلۆنتای داوای لە لینین كرد كە رۆژی 8ی مارس بكرێتە پشووی رەسمی لە یەكێتی سۆڤیەتدا، بەڵام لەباری كرداریەوە لە ساڵی 1965 بووە پشوی رەسمی، بەڵام وەكو رۆژێكی جیهانی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكادا خۆپیشاندان و چالاكی سیاسی جەماوەری ئەنجامدەدرا.

لە كوردستانیشدا چەندین شۆڕش و قوربانیدانی ژنان تا ئەم ساتەوەختە بەردەوام بووە 
  
لە كوردستانیشدا چەندین شۆڕش و قوربانیدانی ژنان تا ئەم ساتەوەختە بەردەوام بووە   لەپێناو بەدەستهاتنی مافی خۆیان، هەر لەكاتی رژێمی بەعسی رووخاوەوە تا ئەم ساتەوەختە ژن بەشێكبووە لە قوربانیدان و هەوڵ و تێكۆشان، لە راپەڕینەكانی كوردستانیش ژنان لە پێشەوە بوون، لە ڕۆژئاوای كوردستانیش ژنان ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە بەرگریكردن لە خۆیان و خاكی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن