7 ڕێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ منداڵه‌كه‌ت ڕوون بكه‌یته‌وه‌

ستایل

08/03/2020     ژمارەی بینراو 552

دایك و باوك و منداڵ

ڕاچڵه‌كین-
بەخێوکاران دەتوانن سوود لەم بیرۆکە و هەنگاوانە وەربگرن بۆ باسکردنی ئەم دۆخە هەنووکییە و ڕەواندنەوەی ئەو دڵەڕاوکە و نیگەرانییانەی کە ڕەنگە لە دەروونی منداڵەکانیاندا دروست بوبێت.

1- زوو دەستبکە بە باسکردنی:

ئەگەر پێت وایە ئەوان منداڵن و لەو شتانە تێناگەن کە لە دنیادا دەگوزەرێت، ئەوا ڕەنگە بەهەڵەدا چووبیت. چونکە ئەوانیش لە هەمان دنیا قەرەباڵغەکەی ئێمەدا دەژین و گوێبیست و بینەری ئەو شتانەن کە ئێمە بیست و چوار كاتژمێره‌ سەیریان دەکەین و لەنێو خۆماندا باسیان دەکەین. بەتایبەتی ئەمە بۆ منداڵانی سەروو شەش ساڵ دروستە. هەوڵبدە لە تۆوە ڕاستی بابەتەکە ببیستن. 

2- ڕاستگۆبە:

ئەگەر شتێکی لێ پرسیت کە نەتدەزانی دەتوانی ڕاستگۆ بیت و بڵێی لە ئێستادا وەڵامی تەواوم لەلا نییە، سۆراغی دەکەم و پێکەوە قسەی لێدەکەینەوە. لەوانەیە پرسیاری هەستیارت لێبکات لەوانە مردن. ڕاستگۆیی و ڕەچاوکردنی تەمەن پێوەرە. باسکردنی کۆمەڵە چەمکێکی واتایی هاوشێوەی قەدەر یان حیکمەت و بەزەیی خودا پێویستە زۆر بە هەستیاری و لەجێگەی خۆیدا بەکاربێت و بەجۆرێک بێت گونجاو بێ لەگەڵ قۆناغی گەشەکردنی.

3- بە پرسیاری کراوە دەستپێبکە:

پێش ئەوەی تۆ باسی هەر شتێکی بۆ بکەیت سەرەتا بزانە خۆی چی دەزانێ و چی بیستووە. ئازیزەکەم پێمخۆشە لەبارەی ئەم پێشهاتە تازەیەوە قسەبکەین. تۆ ئەڵێی چی.. چی ئەزانی لەبارەوەیە؟ ئەگەر هەستەکانی خۆی بۆ دەربڕیت، ڕێزی لێبنێ و هاوسۆزی لەگەڵ بنوێنە و ئەزموونێکی هاوشێوەی خۆت بەشبکە: سوپاست دەکەم کە ئەو هەستەی خۆتت لەگەڵ بەشکردم، دەبینم کە ئەم مەسەلەیە ناڕەحەتی کردووی. دەتوانیت زیاتر لەوبارەیەوە قسەم بۆ بکەی؟ یان ناخۆشترین شت چییە لەم بابەتەدا کە تۆ چاوەڕێ دەکەی ڕووبدات؟ 

4- دڵنیایی بدەرێ:

دڵنیایی بکەرەوە کە زۆربەی ئەوانەی تووشی ئەم پەتایە دەبن بە سووکی دەیگرن، پاش چەند هەفتەیەکیش بەتەواوەتی چاک دەبنەوە. منداڵان زۆر بە کەمی توش دەبن. گیاندارانی ماڵیش نایگرن. بۆی ڕوونبکەرەوە کە پەتاکە وەکو هەڵامەت وایە.

5-ورەی بەرزبکەرەوە:

هەموو ئەو هەوڵ و ڕێکارە خۆپارێزییانەی بخەرە بەرچاو کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیدەن بۆ پاراستنی ئێمە و یارمەتیدانی ئەو کەسانی تووش دەبن. هەروەها بۆی ڕوونبکەرەوە کە چۆن زانایان لە سەرتاسەری دنیادا شەوڕۆژیان خستۆتە سەریەک بۆ دۆزینەوەی باشترین چارەسەر.

6- بیکە بە دەرفەت بۆ فێربوون:

ئەم ماوەیە وەکو دەرفەتێک ببینە تاکو پێکەوە فێری کۆمەڵە شتێکی زانستی ببن. بۆ نموونە ئەوەی کە لاشەمان چۆن بەرگری دەکات لەخۆی بەرانبەر ڤایرۆسەکان و چۆن هەندێ نیشانەی نەخۆشکەوتن ئاماژەیە بۆ بەرگریکردنی لەشمان دژی ڤایرۆس و بەکتریاکان.

7-بەرپرسیارێتیان بخەرە ئەستۆ:

هەرکات منداڵان زانیان پێویستە چی بکەن تاکو پاڕێزراو و سەلامەت بن، هەست بە ورەبەرزی دەکەن. ئەم دەرفەتە بقۆزەرەوە تاکو کۆمەڵە ڕۆتینێکی خۆپارێزی فێری منداڵەکانت بکەیت. لەوانە گرنگی شتی دەست و دەموچاو، ئەتەکێتی پژمین و کۆکین و لوت پاککردنەوە.


ئا:ئەحمەد خالیدی
ماستەر لە پەروەردەی خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن