دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە رووداو چی وت؟

کوردستان

03/10/2021     ژمارەی بینراو 714

راچڵەکین-

کارگیڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی یەکێتی لە هەولێر رایگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەنگەکانی یەکێتی لە هەولێر کەم ناکات و دەشڵێت:" یەکێتی بەرنامەی نییە هێرش بکاتە سەر هیچ لایەنێکی سیاسی، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان دڵنیا بن وەڵاممان دەبێت".

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بازنەی رەنج-ی کەناڵی رووداو رایگەیاند،ئێمە حزبێک نین لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بتوانین خەڵکی خۆمان ئاڕاستە بکەین، بەڵکو جەماوەری خۆمانمان هەیە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی کاک کۆسرەت ئاماژەی بەوەشکرد، تەندروستی کاک کۆسرەت زۆر باشەو قسەی دەبێت بۆ ھەڵبژاردن و لەگەڵ کاک شاڵاو درێژە پێدەری رێبازی کاک کۆسرەت دەبین.

دەربارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئاماژەی بەوەشکرد، ١٦ی ئۆکتۆبەر کاک کۆسرەت و پێشمەرگەکانی زۆرترین قوربانیانداو زەرەرمەندی یەکەم بوون.

سەبارەت بە دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لە لایەن یەکێتییەوە و دووبارە بوونەوەی د. بەرهەم بە سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پۆستە مافی یەکێتییە، د. بەرھەم ساڵح سەرۆککۆمارێکی سەرکەوتووە تائێستا لەناو یەکێتی کەس خۆی بەربژێر نەکردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری داھاتوو

سەبارەت بە رێککەوتنیان لەگەڵ گۆڕان و دروستکردنی هاوبەشێک بۆ هەڵبژاردنەکان دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وتیشی:" لەگەڵ گۆڕان هاوبەشەکانمان زیاترە لە جیاوازییەکانمان و ئومێدەواریشین رێککەوتنەکەمان درێژەی هەبێت".

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشبینی خۆی بۆ کورسییەکانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران باسکرد و راگەیاند، کورسییەکانمان کەم ناکات.

دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی:"لەگەڵ ھەموو کاکەکانی ناو یەکێتی نێوانم باشە و ھەموو کاکەکانی ناو یەکێتی کۆکن لەسەر بەھێزتربوونی یەکێتی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن