(مام) لەچیا سەختەكانەوە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی

ڕاپۆرت

03/10/2021     ژمارەی بینراو 649

راچڵەكین-

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەكجارەكی سایەی شكۆمەندی نەتەوە ‌و نیشتمان، رابەری شۆڕشی نوێ سەرۆك مام جەلال تێپەڕ دەبێت.

كەسێتیی‌ مام جەلال‌ فرە ڕەهەند و تێكەڵەیەك بو‌ لە ئەزموونی‌ خەبات و شارەزایی‌ و قوڵبونەوە لە سیاسەتی‌ نێودەوڵەتی‌ و هەرێمایەتییەكان، كە‌ بنەما فیكرییەكانی كردبووە ئامرازی‌ شۆڕش و خۆڕاگری نەتەوەیی‌. 

‎مام جەلال‌ لە هونەری‌ گفتوگۆ و دانوستان، لە بڕواهێنان بە دۆست و دوژمن پەیوەندیدا‌ر‌ دۆزی رەوای گەلی‌ كورد رۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبوە، دیپلۆماسیەت و گفتوگۆی‌ ‌ئاشتیانەی لەگەڵ بەرگری‌ و شۆڕش ئاوێتە كردبوو.

ژیاننامەی سەرۆك مام جەلال

مام جەلال كوڕ‌ی شێخ حیسامەدین كوڕ‌ی شێخ نوری كوڕ‌ی شێخ غە فوور. هاوینی ساڵی 1933 لە گوندی (كەلكان)ی قەتپاڵی چیای كۆسرەت لەدایكبووە، كە دەڕ‌وانێتە دەریاچەی دوكان، چەند ساڵێك تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوكی بووە بەرێبەری تەكیەی تاڵەبانی لە كۆیە. لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەركەوتوویی خوێندنی تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەك لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەكانی سەركردایەتی بە جۆرێ‌ لێدەركەوتووە كە پێش هاوڕ‌ێكانی دەكەوت بۆ كۆڕ‌ی پرسەو ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕ‌ێوە دەچوون، بەیانیان لە كاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاكان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

لەوێوە بیرۆكەی نەتەوایەتی لای ئەو چەكەرەی كرد تا وای لێهات وردە وردە بەسەریدا زاڵ بوو، كە گەیشتە پۆلی چوارەمی سەرەتایی یەكێكبوو لە پێشەنگەكانی خوێندكاران كە بە پەرۆشەوە بەشداری لە چالاكیەكانی قوتابخانە دەكردو بەشداری لە وتار خوێندنەوەو شانۆدا دەكرد.

ئەگەرچی جەژنی نەورۆز لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە یاساخ بوو، بەڵام لەگە‌ڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان لە 21/ی ئاداری هەموو ساڵێك بە ئاهەنگ یادیان دەكردەووە، ئەویش بەهۆی پیرۆزیی ئەم جەژنە لای كورد كە بە رۆژی سەركەوتنی گەلی كورد دادەنێن بەسەر ئەو زاڵمانەی دەیچەوساندنەوە.

* ساڵی 1945: ئاهەنگێكی میللـی لە كۆیە بۆ نەورۆز سازكرا، سەرۆك تاڵەبانی كە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا كردو وتەی حەماس ئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕ‌مانی مامۆستاو بەشداربووان.

* لە ساڵی 1946 دا لەگە‌ڵ چەند هاوڕ‌ێیەكی خوێندكارو بە ئامۆژگاری یەكێك لە مامۆستاكانی كۆمەڵەیەكی فێركاری نهێنی دامەزراندبە ناوی كۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە  (k.p.x) و مام جەلال بە سكرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێكی كۆمەڵەكە هاندانی خوێندكاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

* لەهەمان ساڵداو دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد لە 16/ی ئابی 1946 كەوتە ژێر كاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێكخستنەكانیدا كەوتە چالاكی خوێندكارانە.

* دوای چوونە ناو كاری سیاسییەوە، رۆژنامەی (رزگاری) كە پارتی دیموكراتی كورد بەنهێنی دەریدەكرد، كورتە وتاری لەژێر نازناوی (ئاگر)دا بۆ بڵاو دەكردەوە.

* ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموكراتی كوردو چالاك و لێهاتوو بوو لەو ئەرك و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

* ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو كردو لە ناوەندی كۆیە بوو بە خوێندكار، ئەو ساڵە بە ساڵی (وەسبە) (راپەڕ‌ین) ناسرابوو، كە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسماوس) هەڵبووەشێنێتەوەو حكومەتی ساڵح جەبر بڕ‌وخێنێ و حكومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێت و لەو كەشوهەوا ئازادیەدا كە لە سایەی ئەم (راپەڕ‌ینە) هاتەكایەوە، هەڵبژاردنێكی گشتی خوێندكاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی كۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو سەرۆم مام جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندكارانی كۆیە هەڵبژێردراو بەشداری لە یەكەمین كۆنگرەی خوێندكارانی عیراقدا كرد كە لە نیسانی 1948 لە گۆڕ‌ەپانی (السباع) ی شاری بەغدا بەسترا.

* لەم كۆنگرەیەدا بۆ یەكەمینجار گوێی لە شاعیری مەزن (محەمەد مەهدی جەواهیری) بوو، كە شیعرە بەناوبانگەكەی (رۆژی شەهید)ی خوێندەوە، كە بۆ جەع فەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی. ئەو ساتانە لە ژیانی سەرۆك تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وایكرد ببێتە یەكێك لە مریدەكانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دواساتەكانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

* ساڵی 1949 و لە سایەی حوكمی عور فی و تۆقاندن كە كوردستان و عیراقی گرتەوە، سەرۆك تاڵەبانی لە حزبدا سەركەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی كۆیە.

* لە شوباتی 1951 دا و لە كۆنگرەی دووەمی پارتی دیموكراتی كورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەكانی پارتی پلەكەی خۆی بە هەڤاڵێكی خۆی بەخشی كە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە كۆنگرەدا كردبوو.

* لە ساڵی 1951 دا لەگە‌ڵ چەند هەڤاڵێكدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوورخرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوامبوو و دواتر چووە كەركوك بۆ تەواوكردنی خوێندن و سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی رێكخستنەكانی حزب و بووە بەرپرسی رێكخستنەكانی كەركوك. لەهەمان ساڵیشدا ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی بڵاوكراوەكانی بە شێوەیەكی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

* ساڵی 1952 چووە كۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغدا كە ئەو دەمە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێكخستنەكانی حزب تۆكمە بكاتەوە.

* لە كانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی كرد و لە كۆنگرەیەدا بە سكرتێری گشتی قوتابیانی كوردستان هەڵبژێردراو لەهەمان ساڵیشدا یەكێكبوو لە دامەزرێنەرانی (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، هەر لەو كاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشكراكانی عیراقی.

* ساڵی 1954 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

* ساڵی 1955 سە فەری دەرەوەی عیراقی كردو لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری كردو لەوێوە سەردانی یەكێتی شوورەوی ئەوساو چینی كرد.

* ساڵی 1956 لەبەرچاوان ونبوو، كەوتە خەباتی ژێرزەمینی و ناچاربوو لە قۆناغی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

* ساڵی 1957 سەفەری سوریاو مۆسكۆی كردو لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسكۆ بەشداری كردو هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە كوردەكانی ئەوێوەو پەیوەندیەكی سیاسی دروستبوو. لەهەمان ساڵیشدا گەڕ‌ایەوە عیراق و بەشداری لە كارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی یەكگرتوو كردو بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی كوردستان) كە لە سلێمانی بەنهێنی دەریان دەكرد.

* لە یەكەمین رۆژی سەركەوتنی شۆڕ‌شی 14/ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێكخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی كردو بە هاوكاری هەڤاڵانی حزب لەنێو شاردا، پاشان چووە بەغداو بەشداری لە كاروباری مەكتەبی سیاسی و دەركردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر)دا كرد، هەروەها ئەركی ئەو خەباتەی لەئەستۆ گرت كە لەنێو ریزەكانی حزبدا فراوان دەبوو، وەك پێویستییەكی بوونی حزبێكی پێشڕ‌ەوی كوردستانی و رێكخراوە پێشەییەكان بەرهەڵستكاری كردنی ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنە پاشكۆی حزبێكی عیراقی.

* ساڵی 1959 جارێكیتر بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لەهەمانكاتدا ئەفسەری یەدەكی كەتیبەی چوارەمی تانك بوو، هەروەها بەشداری لە دەركردنی رۆژنامەی (خەبات)دا دەكرد كە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو و بە ناوی (پیرۆت)ەوە وتاری تێدا بڵاودەكردەوە.

* ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو كە خولێكی هۆشیاری بۆ كادێرەكان كردەوە.

* ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (كوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راونان بوو لە بەغدا، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێكی دژی دیكتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو كرد كە ئەو سەردەمە قاسم كۆمەڵێك تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بەنهێنی گەڕ‌ایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوەو بەشداری لە رێكخستنی مانگرتنی گشتیدا كرد كە لە شەشەی ئەیلولدا كرا.

* لە ئەیلولی 1961 دا كە شۆڕ‌ش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەكەمین بنكەی شۆڕ‌شی لە چەمی رێزان كردەوەو سەرپەرشتی كردو فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی كرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێكی گەورە، ئەوە بوو كرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

* لە نەورۆزی 1962 دا، سەركردایەتی ئەو هێڕ‌شە بەرفراوانەی كرد بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ‌و لە ماوەی چەند رۆژێكدا دەست بەسەر هەموو بنكەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتەو چوارتادا گیراو هێزەكانی بەرەو‌ قەزای پێنجوێن بردو تەواو ناوچەكەیان ئازاد كرد.

بەمشێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ‌و پێنجوێن بوونە دوو ناوەندی شۆڕ‌ش و سەركردایەتی. لە 1962 ـ 1963 زۆربەی ناوچەكانی قەرەداغ و قەڵاسێوكەو گەرمیان و سەنگاو ئازادكران. ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لەهەمانكاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەكانی بەمۆ و هەڵەبجەو تەوێڵەو بیارەی دەكرد.

* ساڵی 1963 و دوای كودەتا رەشەكەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆكی وە فدی كوردی دەستنیشان كرا بۆ گفتوگۆ لەگە‌ڵ حكومەتی تازەدا كە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆو چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی رەوای كورد نیشاندا، هەروەها سەردانی كۆماری میسری و جەزائیری كردو چاوی بە عەبدولناسرو بن بێلا كەوت و لەهەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای كردو نوێنەرایەتی شۆڕ‌شی كوردستانی كردو سەركەوتوو بوو بۆ ناساندنی كێشەی كوردو ئاشكراكردنی بارودۆخی كوردستان و كۆكردنەوەی یارمەتی و هاوكاری بۆ شۆڕ‌ش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیكسلۆ فاكیا و نەمسا.

* ساڵی 1964 گەڕ‌ایەوە كوردستان و ئەركی خۆی لە فەرماندەیی كردنی هێزی رزگاری گرتەوە ئەستۆ.

* ساڵی 1967 بەشداری لە كۆڕ‌ی (ئیشتراكیەكانی عەرەب) كرد لە جەزائیرو لێكۆڵینەوەیەكی زۆر بەپێزی دەربارەی كێشەی كوردو شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردو دۆستایەتی نێوان كورد و عەرەب پێشكەشكرد.

* ساڵی 1970 رۆڵی كاریگەری خۆی بینی لە یەكگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناكۆكیەكی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

* ساڵی 1972 سەفەری دەرەوەی عیراقی كردو ماوەیەك لە لوبنان و میسرو سوریا مایەوەو دوای رووخاندنی شۆڕ‌شی كورد كە لە ئەنجامی رێكەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزاكرا، سەرۆك تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

* لە 1-6-1975 لە دیمەشق لەگە‌ڵ دەستەیەك لە هەڤاڵانیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیی دامەزراندو نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕ‌شی نوێ دانا كە لە 01/ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنراو بووە سكرتێری گشتی یەكێتی.

* لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەكێتی لەسەر چالاكی سیاسی و سەركردایەتی حزب و شۆڕ‌ش بەردەوام بوو لەگە‌ڵ هەڤاڵەكانی لە چیاو ئەشكەوتەكانی كوردستاندا دەژیا.

* بە گەواهی زۆر لە چاودێرە سیاسیەكان یەكێك بووە لە بزوێنەری سەرەكی بۆ لێك نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لەنێو ریزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی لە كۆنگرەكانی نیویۆرك و لەندەن و سەڵاحەدین و هەموو دانیشتنەكانی دوای ئەوانەش كە پەیوەندی بە رێكخستن و نزیكبوونەوەی ماڵی عیراقییەوە هەبوو، میوانداری زۆربەی زۆری هێزە عیراقیەكانی كردەوە لە كوردستان و پشتگیری هەمە جۆرەی كردوون.

* لەسەر گۆڕ‌ەپانی نێودەوڵەتیش، سەرۆك تاڵەبانی بەشداری چەندین كۆنگرەو كۆبوونەوەی ئیشتراكی نێودەوڵەتی كردەوەو چاوی بە سەركردە سیاسییە نێودەوڵە‌تیەكانی زۆر وڵاتانی جیهانی كەوتووە.

* جگەلەوەی كە كەسایەتیەكی سیاسییە خەباتگێرێكی هۆشمەندو نووسەرو یاساناسە، وەك رۆژنامەنووسێكیش لە رۆژنامەی نهێنی و ئاشكرادا نووسیویەتی و لە ساڵی 1959 بە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عیراقی هەڵبژێردرا كە شاعیری مەزن محەمەد مەهدی جەواهیری نەقیبی بوو.

* سەرۆك تاڵەبانی جگەلەوەی یەكێكە لە سیاسی و دیپلۆماسی و رۆژنامەنووسەرە دیارەكان، نووسەرێكی ناوداریشەو بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری لە تیشك خستەسەر تێكڕ‌ای بزووتنەوەی سیاسی عیراق و ناوچەكەو بزووتنەوەی سیاسی كوردی كردەوە، لەم بوارەشدا چەندین كتێبی لە سەردەمی جیاجیادا نووسیوە كە كتێبخانەی عەرەبی و كوردی دەوڵەمەند كردەوەو بوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری مێژووی جوڵانەوەی سیاسی كوردی و عیراقیدا.

* دوای ئازادكردنی عیراق بە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم هەڵبژێردراو لە مانگی نۆڤەمبەری 2003 دا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی كردو لەم ماوەیەدا كارامەیی خۆی لە هەڵسوڕ‌اندنی كاروباری حوكم نیشاندا.

* لە 06/ نیسانی 2005 مام جەلال 227 دەنگی لە كۆی 248 دەنگی ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بەدەستهێناو بە هەڵبژاردنێكی راستەوخۆ بە یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا، بەمجۆرە سەرۆك تاڵەبانی لە فراوانترین دەروازەكانەوە چووە ناو مێژووی كوردو هەروەها لە جوانترین دەروازەشەوە چووە ناو مێژووی عیراق و لە ناودارترین دەروازەشەوە چووە نێو مێژووی سیاسی و دیموكراسی جیهانەوە.

*لەساڵی 2005  تا ساڵی 2014 بۆ دوو خول وەك سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردراوە.

*لە 17-12-2012 لە بەغدا توشی جەڵدەی مێشك بوو، پاشان بۆ چارەسەر گەیەنرایە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەك بە تەندروستیەكی باشەوە گەڕایەوە شاری سلێمانی.

*لەو كاتەشەوە تا كۆچی دوایی كرد، چەند جارێك بۆ مەبەستی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای كردو لە رۆژی 3-10-2017  دڵە گەروەكەی لە لێدان و كەوتوو و كۆچی دوایی كرد.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن