فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لەكاركەوتن.. نوێكراوەتەوە

هەمەڕەنگ

04/10/2021     ژمارەی بینراو 387

راچڵەكین –

هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لە عیراق و چەند وڵاتێكی دیكەی جیهان لەكاركەوتن و بەو هۆیەشەوە بەهای پشكەكانی فەیسبوك بەڕێژەی زیاتر لە 5% دابەزی، خاوەنی هەرسێ تۆڕەكەش داوای لێبوردن دەكات و دەشڵێت هەوڵدەدەین بەزوترین كات گرفتەكە چارەسەر بكەین.

ئێوارەی ئەمڕۆ 4-10-2021، بەشێوەیەكی لەناكاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لە عیراق و هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی جیهان لەكاركەوتن.

كۆمپانیای فەیسبوك، كە هاوكات خاوەنی واتسئاپ و ئینستاگرام-یشە، لە روونكردنەوەیەكدا داوای لێبوردنی لە بەكارهێنانی هەرسێ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە كردووەو راشیگەیاندووە كە كاردەكەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات گرفتەكە چارەسەر بكەن و  خزمەتگوزارییەكانی ئەو سێ تۆڕە بگاتەوە بە بەكارهێنەران.

كۆمپانیاكە لە روونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەهۆكاری لەكاركەوتنە لەناكاوەكەی فەیسبوك و واتسئاپ و ئینستاگرام لەچەند وڵاتێكی جیهان نەكردووەو روونیشی نەكردووەتەوە كەی گرفتەكە چارەسەر دەكات.

هاوكات میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لەدوای لەكاركەوتنی خزمەتگوزارییەكانی فەیسبوك، بەهای پشكەكانی ئەو كۆمپانیایە لە بۆرسەكانی جیهاندا بەڕێژەی 5.63% دابەزی.
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن