ئایا تەندروستی ئەردۆغان دەرفەتی مانەوەی لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا پێدەدات؟

ڕاپۆرت

04/10/2021     ژمارەی بینراو 432

راچڵەكین –

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی، خەریكە خراپیی رەوشی تەندروستییەكەی زەفەری پێدەبات و ئەگەری هەیە ببێتە لەمپەر لەبەردەم جارێكی تر خۆهەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری ئەو وڵاتە، كە حەوت ساڵە لەو پۆستەدایە.

رەوشی تەندروستی ئەردۆغان

بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی گۆڤاری فۆرین پۆلیسی، تەندروستیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرەو خراپی دەچێت، ئەمەش بە ئاشكرا لەو گرتە ڤیدیۆییانە دەردەكەوێت كە لە كەناڵە ناوخۆییەكانی توركیا بڵاوبوونەتەوەو تێیدا سەرۆك كۆماری توركیا بەدەست گرفتە تەندروستییەكان دەناڵێنێت و توانای رێڕۆیشتنی وەك جاران نەماوە، هەندێ زانیارییش وای بۆدەچن پزیشكەكان ئامێرێكی هەناسەدانی دەستكردیان بۆ ئەردۆغان چاندبێت بەمبەستی رێكخستنی ترپەی دڵی، كە لێدانەكەی ناڕێك بووە.

گۆڤارە ئەمریكییە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، توركیا لەدوای ئەردۆغان دەكەوێتە دۆخێكی ناسەقامگیرو پارتەكەشی (دادوگەشەپێدان) كە پارتی فەرمانڕەوای وڵاتە، دووچاری دابەشبوون و جیابوونەوەیەكی گەورە دەبێتەوە. بەگوێرەی ماددەی (106) لە دەستوری توركیا، لەئەگەری كۆچی دوایی سەرۆك كۆمار، ئەوا دەسەڵاتەكانی بۆ جێگرەكەی دەگوازرێتەوە، دەبێ لەماوەی 45 رۆژیش هەڵبژاردن بۆ سەرۆكێكی نوێی كۆماری توركیا ئەنجام بدرێت.


لەماوەی رابردوودا، ئەردۆغان لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەركەوت كە بەهۆی خراپیی رەوشی تەندروستی، پێویستی بە هاوكاری كەسانی تر هەبوو بۆ دابەزین لەسەر پلیكانە، چونكە توانای هاوسەنگكردنی هەنگاوەكانی نەبوو، لە گرتەكەدا دەردەكەوێت ئامینەی هاوسەری دەستی گرتووەو یەكێك لە پاسەوانەكانیشی دەستەكی تری گرتووە بۆئەوەی لەسەر پلیكانەكە بەبێ كێشە دابەزێت.

سەرۆك كۆماری توركیا كە ئێستا پێی ناوەتە 67 ساڵی تەمەنییەوە، لە مانگی تەموزی ئەمساڵ و لەمیانی دیدارێكدا كە لەڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەشداربوو، بە ئاشكرا دەركەوت كە باری تەندروستی لەبار نییە بۆ بەردەوامبوون لە دیدارەكە، وەك ئەوە وابوو كە بیروهۆشی لای خۆی نەمابێت و تووشی لەبیرچوونەوە بووبێت، شێوازی قسەكردنیشی قورس و گران ببوو، ئەمەش بە پێچەوانەی خەسڵەتی باوی، كە خاوەن تونایەكی باشی وتاردانە.

ئایندەی توركیا لەدوای ئەردۆغان

گۆڤاری فۆرین پۆلیسی، پرسیاری ئەوەی كردووە، لەئەگەری نەخۆشكەوتن یان مردنی ئەردۆغان، ئایا كێ دەبێتە شوێنگرەوەی بۆ هەڵبژاردنی 2023ی سەرۆكایەتی توركیا.

تێكچوونی دۆخی تەندرستی ئەردۆغان، لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی لەناوخۆی توركیا ئەنجامدراون، ئاستی جەماوەرێتی پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوا، روو لە داكشانە، ئەمەش دوای ئەو شكستە گەورەیەی كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2019 دووچاری هات و شارەوانییە گەورەكانی وەك ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەو ئیزمیری لەبەرژەوەندی بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەدەستدا.

ستیفن كوك، كە نوسەرێكی ئەمریكییەو پسپۆڕی كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، ئاشكرایكردووە، ئەردۆغان ماوەی چەند ساڵێكە بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و ئەگەرێكی زۆر هەیە بەهۆی خراپی باری تەندروستی، نەتوانێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا هەڵبژێرێتەوە.  

ئەو نوسەرە پێی وایە، كارێكی باش نییە لە دوورەوە باس لە رەوشی تەندروستی ئەردۆغان بكرێت، دەشڵێت: راستە باری تەندروستی سەرۆكی توركیا باش نییە، بەڵام گریمانەی ئەوەی كە بەم زووانە كۆچی دوایی دەكات، لەوانەیە تەنها قسەی بێسەروبەرە بێت، لەبەر ئەوەی لەچەند گرتەیەكی دیكەی ڤیدیۆیی بە تەندروستییەكی باشەوە دەركەوتووە.

ستیفن كوك پرسیاری ئەوەش دەكات، ئەگەر ئەردۆغان بەڕاستی نەخۆش بێت و بەهۆیەوە نەتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2023 كاندید بكاتەوە، ئایا چی روودەدات و ئاراستەی ململانێكان چ لەسەر ئاستی توركیاو چ لەسەر ئاستی ناوخۆی پارتی دادوگەشەپێدان بەكوێ دەگات؟

رەجەب تەیب ئەردۆغان، كە ساڵانێكی دوورو درێژە لەكایەی سیاسی كاردەكات و ناوبانگێكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ساڵی 1994 لەئەنجامی هەڵبژاردندا توانی پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەستنەبوڵ بەدەستبهێنێت و ماوەی چوار ساڵ لەو پۆستە مایەوە، ساڵی 2003یش بە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا تا ساڵی 2004، كاتێك بووە سەرۆك كۆمار، كە تائێستا لەو پۆستەدا ماوەتەوە 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن